هۆزەکانی شەنگال: دۆخی شەنگال خەراپە و هیچ هیوایەکیشمان بە حکومەتی عێراق نیە

گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەکانی شنگال رایدەگەیێنێت، دۆخی شنگال خراپە، هیچ هیوایەکیشیان بە حکومەتی عێراق نییە کێشەکانی شنگال چارەسەر بکات. دەشڵێت، کێشەی ئەوان لەگەڵ کورد نییە لەو شارەدا بەڵکو لەگەڵ “پەکەکە، یەپەگە، یەپەشە و ئەو هێزانەیە کە لە دەرەوە هاتوون”.

زیاتر لە 65٪ی خەڵکی شنگال هێشتا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانییان و لەژێر خێوەتەکاندا ماون، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە گلەیی لەوە دەکەن کە خزمەتگوزارییەکان لە شارەکەیان وەک پێویست نین، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شنگال پڕۆژەی ئاو نییە هەر ماڵێک بیریان لە نێو ماڵەکانیان لێداوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی زۆربەی بیرەکان وشكبوون.

رۆژی هەینی 21-10-2022، شێخ نووری دەحل، گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەکانی شنگال ڕایگەیاند:

رازی نین بەو بارودۆخەی ئێستا لە شنگال هەیە، بارودۆخەکە خراپە. چەند هێزێکی تێدایە کە هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا نییە، تەنانەت لێکتێگەیشتنیش لەنێوانیاندا نییە”.

بەبڕوای شێخ نووری دەحل، ئێستا گەڕانەوە بۆ شنگال “زۆر سەختە، ئەوانەی گەڕاونەتەوە شارەکەش دۆخیان زۆر خراپە و خزمەتگوزارییان نییە. هاوکات دەست بەسەر خانووی خەڵکە رەسەنەکەشدا دەگیرێت و لە ماڵەکانیان دەریان دەکەن، بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و هیچ چارەسەرێکیش نییە”.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەکانی شنگال ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان وەکو عەرەبی ناوچەکە کێشەیان لەگەڵ کوردی ئێزدی نییە و دەڵێت: “ئێمە برای یەکین، بەڵام کێشەکە لە پەکەکە، یەپەگە، یەپەشە و ئەو هێزانەیە کە لە دەرەوە هاتوون، هەرچی ترسە لەو چەکدارانەیە”.

شێخ نووری دەحل دەشڵێت: “هیوامان بە حکومەتی عێراق نەماوە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لە شنگال دەربکەن، وامان لێهاتووە پەنا ببینە بەر تورکیا تاوەکو ئەو هێزانە دەربکات. نزیکەی 9 هەزار خێزانمان لە شنگال ئاوارە بوونە، ئێستا تەنانەت یەک خێزانی عەرەبیش لەنێو شنگالدا نییە. تەنیا 20 بۆ 30 ماڵێک نەبێت لە برا شیعەکان، ئەوانەی دیکە هەمووی بە کرێگیراون هیچیان خەڵکی شنگال نین، بەڵکو لەملاو ئەملاوە هاتوون”.

بە بڕوای شێخ نووری دەحل، حکومەتی نوێی عێراقیش ناتوانێت چارەسەری دۆخی شنگال بکات و پێیوایە “هاتنی محەممەد شیاع سوودانی هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی شنگالدا ناهێنێت، حکومەتەکەی سوودانی حکومەتێکی کارتۆنی دەبێت”.

سەبارەت بە رۆڵی حەشدی شەعبی لە شنگال، گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەکانی شنگال دەڵێت: “ناتوانێت هیچ شتێک بکات، نە سوودێکیان هەیە نە زیان، پەکەکە لە شنگال بەهێزن هەموو جۆرە چەکێکیان هەیە تەنیا فڕۆکە نەبێت، هەموو جۆرە چەکێکیشان لە سووریاوە بۆ دێت و سنوور کراوەیە. ئێستا لە چیای شنگال شارێکی گەشتیاریان دروستکردووە، کە هەموو شتێکی تێدایە، رەنگە قەندیل بگوازنەوە بۆ شنگال”.