سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی کۆسرەت ڕەسوول دەکات

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە سەرۆککۆماری عێراق کرد. سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆسرەت رەسوول دەڵێت، “سەرۆککۆماری عێراق لە کۆسرەت رەسوولەوە دەستی بە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان کردووە”.

رۆژی پێنجشەممە 20-10-2022 کۆسرەت رەسوول عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد. مەسعود مەلا هەمزە، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆسرەت رەسوول بە رووداوی راگەیاند، “سەرۆککۆماری عێراق لە کۆسرەت رەسوولەوە دەستی بە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان کردووە”.

مەسعود مەلا هەمزە گوتی: کۆسرەت رەسوول پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری عێراق کرد و هیوای خواست بە پاڵپشتی و پشتیوانیی هەموو لایەک سەرکەوتوو بێ لەم ئەرکە نوێیەیدا.

هاوکات سەرۆککۆماری عێراق “سوپاسی کۆسرەت رەسوولی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئامانجیەتی خزمەت بکات لە عێراقێکی فیدرال و دیموکراتدا لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستووری عێراق”.

رۆژی 13ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، لەتیف رەشیدی وەکو سەرۆککۆمارى عێراق هەڵبژارد و هەمان رۆژ، محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ئێوارەی چوارشەممە 19-18-2022 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە سلێمانی و دواتر سەردانی ئارامگەی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدی کرد.