میری ئێزیدیان داوایەک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دەکات

میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان لە کوردستان، عێراق و جیهان، داوای لە محەمەد سوودانی سەرکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد، لە کابینەی حکومەتەکەیدا پۆستی باڵا بە ئێزدییەکان بدرێت.

میری ئێزدیانی عێراق و جیهان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەم) نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە سوودانی و گلەیی لە پەراوێزخستنی ئێزدیان و ئاماژەدان بە جینۆسایدکردنیان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، گوتی: هەرکەسێک لە مێژوو بکۆڵێتەوە، باش لەوە تێدەگات کە ئێزدییەکان میراتگری شارستانیەتی دێرینی عێراقن و لەنێو گەلانی رەسەن و ئایینە دێرینەکانی ئەم وڵاتەدان.

میری ئێزدیان هیوای خواستووە، حکومەتەکەی سوودانی لەسەر بنەمای ماف و بەرپرسیارێتی پێکبێت و نوینەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقی تێدا بێت و ئێزدییەکانیش “بە پێی قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی” لە پۆستە باڵاکاندا بەشداربن.

لە نامەکەدا هاتووە، “به‌ پشتبه‌ستن به‌ شایسته‌ نیشتیمانی و ده‌ستوورییه‌كان، داواتان لێ ده‌كه‌ین نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئێزیدیان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا هه‌بێت و پۆستێكی وه‌زارییان پێ بدرێت، هه‌روه‌ها داوای پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و دامەزراوە سەربەخۆکان دەکەین.”

بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، کابینەکەی سوودانی لە 22 یان 24 وەزارەت پێکدێت. 12 لەو وەزارەتانە بە شیعە، شەش بۆ سووننە و چوار وەزارەت بۆ کورد و رەنگە دوو وەزارەتیش بە پێکهاتە ئایینی یان نەتەوەییەکان بدرێت.