پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ سێ قوربانی لێکەوتەوە

دوێنێ چوارشەممە 19ـی 10ـی 2022 کاتژمێر 09:00ـی شەو لەسەر شەقامی 120 مەتری ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ ڕووی دا و دوو کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: لەسەر شەقامی خەدەمی 120 مەتری، هیۆندایەکی تایبەت بەهۆی تیژڕۆیی کۆنترۆڵی لەدەست دا و چووە ڕێڕەوی بەرامبەر و لەوێ خۆی بەتاکسیەکی نیسان کێشا ، کە ئەندامانی یەک خێزانی تێدابوو، پێکدادانەکە ڕووبەڕوو بوو.

سەبارەت بە دەرئەنجامی ڕووداوەکە ڕاشیگەیاند: لە دەرەنجامی خۆپیاکێشانەکە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و کەسێکی تریش بەسەختی زامداربوو کە سەرجەمیان شوفێر و سەرنشینی تاکسییەکە بوون.

لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکەش گوتەبێژی هاتووچۆ ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی لێکۆلینەوە و پشکنینی هیۆندایەکە دەرکەوت کە شوفێرەکە بڕێکی زۆری ماددەی سەرخۆشکەری خواردبووەوە کە ئەمەش وایکردبوو لێخوڕینەکەی بەبێئاگایی بێت.