سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه دوولایەنەکان، به‌تایبه‌ت له‌ رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوورییه‌وه کرا.‌

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 19ـی تشرینی یەکەم) هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران به ‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌هدی سه‌فه‌ری، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامیی ئێران و ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مانتار (د. حه‌یده‌ری)، له‌ ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێران و (د. فكرى)، جێگری وه‌زیری دارایی و ئابووری، (ته‌باته‌بایی)، به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ (نەسروڵڵا زارع ڕەشنوودى)، كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و گه‌لان و وڵاتی ئێران باسی لێوه‌ كرا، به‌تایبه‌ت له‌ رووى كلتووری و فه‌رهه‌نگیی هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولادا.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كەدا، سه‌رۆكى شاند‌ى كۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی له‌ گرنگیی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی كرد، به‌تایبه‌ت له‌ رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوورییه‌وه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیش بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، شانده‌كه‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێرانى ئاراسته‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانی ئێران بكات.

لای خۆشیه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندییه‌ له‌ مێژینه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لانی كوردستان و گه‌لانی ئێرانى به‌رزنرخاند و سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ بانگهێشتنامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێران ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: “ئه‌م بانگگهێشتنامه‌یه‌ ده‌رفه‌تێكی گرنگ ده‌ڕه‌خسێنێت هه‌م له‌ ناساندنی رۆڵ و پێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی یاسادانان و هه‌میش بۆ دروستكردنی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بۆ پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و فه‌رهه‌نگی و كلتوورییه‌كان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ى كاری په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی پێنجه‌میدا خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ئێستادا یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌یاساكان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رفه‌تی كاری نێوده‌وڵه‌تی، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانه‌ و ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێرانی ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت وه‌ك هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ی بیانی به‌شداربن له‌ وه‌به‌رهێنان و بونیادنانی پرۆسه‌ی ژێرخانی ئابووری و ئاوه‌دانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌ به‌رامبه‌ردا، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ پێشخستنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و فه‌رهه‌نگی و كلتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد و گه‌شبینیی خۆیشی له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتوویی پرۆسه‌ی یاسادانان له‌ هه‌رێمی کوردستان و كاره‌كانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و هه‌ردوولاش هاوڕابوون له‌سه‌ر لابردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و ئابووریی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێران و هاووڵاتییان.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، چه‌ندین بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌ بارزگانییه‌كان، به‌تایبه‌ت به‌هۆی هه‌بوونی سنوورێكی فراوان و دوورودرێژ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، كه‌ ئه‌مه‌ش كارئاسانییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان له‌ كاتی به‌كارهێنانی رێڕه‌وه‌ فه‌رمییه‌كانی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.