بە زیاتر لە 4 ملیار دینار چەندین پرۆژە لە کۆیە جێبەجێ دەكرێن

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە تەواوی شار و شارۆچكەكان بە بێ جیاوازی پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكات. پارێزگای هەولێر چەند پرۆژەیەكی گرنگی خزمەتگوزاری لە قەزای كۆیە رادەگەیەنێ.

پارێزگای هەولێر راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) دایناوە. لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، كە، لەسەر بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، لە قەزای كۆیە دەست بە جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری كراوە.

لە راگەیاندراوەكەی پارێزگای هەولێردا هاتووە: “لە چوارچێوەى پلان و بەرنامەکانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023 و خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و گەیاندنى دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریى پێویست، لە سنوورى قایمقامیەتى قەزایی کۆیە، لەسەر بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بە گوژمەى (4 ملیار و 228 ملیۆن و 974 هەزار دینار) دەست دەکرێت بە ئەنجامدانى (9) پڕۆژەى خزمەتگوزارى.”

بە تەواوبوونی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە، خزمەتێكی بەرچاو بە خەڵكی شاری كۆیە و گوندەكانی دەوروبەری دەكرێت.