سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

عەدنان عوسمان: باشترە دەستووری عێراق بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی لامەرکەزیەت و فیدڕاڵی هەموار بکرێتەوە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

عەدنان عوسمان، ئەندامی پێشوی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆران ‌و چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” زۆرینەی دۆسیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكراون پێویستیان بەكاتە ئەوەش دەڵێت:” لەدوای پێكهێنانی حكوومەت باشتر وایە ‌و پێویستە لایەنی كوردی پێداگربێت لە هەمواری دەستور بە ئاراستەی قوڵكردنەوەی فیدرالیەت و لامەركەزیەت لەعێراقدا”.

  • لەپاش كشانەوەیان وازهێنان لە بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بە چیەوە سەرقاڵن؟
  • لە ئێستادا وەك سیاسیەكی سەربەخۆ چاودێری دۆخەكە دەكەم و لە گفتوگۆی چڕداین لەگەڵ كۆمەلێك هاوڕێ لەسەر پلانی داهاتوو.
  • بەبڕوای ئێوە هەڵبژاردنی سەرکۆمار و سەرۆك وەزیران ‌و پێكهێنانی حكوومەت، دۆخی سیاسی عێراق بەرەو باشتر دەبات؟
  • كاریگەری لەسەر چەقبەستویی سیاسی دەبێت و جوڵەیەك دەخاتە نێو فەزای سیاسیەوە، بەڵام مەرج نیە بەرەو باشی بێت. بارودۆخی عێراق زۆر لەوە سەخت و دژوارترە كە تەنها بەم هەنگاوانە كۆتایی بە كێشەكانی بێت. بەڵام بەدڵنیایەوە ئێمە ئیتر دەچینە قۆناغێكی گەرم و گوڕترەوە. بەڵام هەر لە ئێستاوە دیارە كە پێكهاتەی سیاسی و حوكمڕانی عێراق جارێ هیچ گۆڕانێكی گەورە بە خۆیەوە نابینێت.
  • سەرکۆمار دەتوانێت چی بکات؟
  • پۆستی سەرکۆمار، كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر لایەنی تەنفیزی و تەشریعی عێراق نابێت. كاتی خۆی هەموو پێداگری كورد بۆ ئەم پۆستە لە پێناو خوالێخۆشبوو (مام جەلال)دا بوو، لە ڕابردوودا و لە داهاتووشدا گرنگییەکی وای نابێت.
  • تا چەند ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق بەڕەوا دەزانیت كە دەڵێت دەبێت نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكرێت؟
  • كێشەی گەورە لێرەدا تەنها لایەنگری وەیا دژایەتی ئەو بڕیارە نیە، دەبێ پێشتر لەسەر خالێكی گرنگتر بوەستین و بپرسین: كاتێك سەركردەكانی كورد بەشداردەبن لە داڕشتنی مادەكانی دەستوری عێراق و دوو پرسی گرنگ بەنیسبەت كوردەوە كە نەوت و ناوچە جێناكۆكەكانە، ئاوا بە راگوزەری جێگیر ئەكەن! دەبوایە دواتر هەمو خەمێكی گەورەیان چارەسەر كردنی ئەو ئیشكالەتە بێت و كار بۆ یەكلا كردنەوەیان بكەن، دەبێ هەماهەنگیەك لە نێوان هەرێم و ناوەنددا هەبێت بۆ ئەو پرسە.
  • لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق فشارەكان چۆن دەبن لەسەر هەرێمی كوردستان زیادیان كەم دەبنەوەیان چی دەبن؟
    عدنان عوسمان: بەو حوكمەی بەشێكی زۆری دۆسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وەك خۆیان ماون و چارەسەر نەكراون، بۆیە پێشبینی خولێكی تر لە بارگرژی و گفتوگۆی نێوان هەردوولادەكرێت. باشتریش وایە لایەنی كوردی لەهەموی زیاتر پێداگر بێت بۆ هەمواری دەستور بە ئاراستەی قوڵكردنی فیدرالیەت و لامەركەزیەت.
  • پێتان وایە حكوومەتی عێراقبە هێزی سەربازی مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکاتەوە ؟
    عدنان عوسمان: نەخێر ئەوە زۆر بەدوور دەزانم، مەگەر لەحاڵەتێكدا شیرازەی ئەم دەوڵەتی عێراقە بە تەواوەتی تێكچوبێت. لەو حاڵەتەشدا ئیتر هیچ بیانویەك بۆ مانەوەی كورد لەم قەوارەی عێراقە نامێنێت.
  • بەبڕوای ئێوە مەترسی هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم ئەو مەترسیانە چین؟
  • مەترسیەكان ئەوەندە ناوخۆیین ئەوەندە دەرەكی نین. ئەسڵەن من ئەو مەترسیە دەرەكیانە بە شتێكی لاوەكی و واقع حاڵی جوغرافیای هەرێم دەبینم. بەڵام مەترسیە ناوخۆییەكە سەردەبات بۆ هەمو جۆرە ئەگەرێك بەتایبەت لاواز بوونی ئینتیما و كاڵبونەوەی كۆمەلێك بەها.