یەکێک لە قاچاخچییەکانی بەلەمە نقوومبووەکەی نۆکەندی ئینگلیز دەسگیرکرا

پۆلیسی راپەڕین یەکێک لەو قاچاخچیانە دەستگیردەکات کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر دۆسێی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز کە 34 کۆچبەری تێدابوو و بەهۆیەوە 28 یان خنکان. 

رۆژی 24-11-2021 بەلەمێک لەنێوانی فەرەنسا و بەریتانیا لە نۆکەندی ئینگلیز ژێر ئاو کەوت کە 34 کۆچبەری تێدابوو، 28 کەس بوونە قوربانی و تەرمەکانیان دۆزرایەوە، دوو کەس بە زیندوویی رزگاریان بوو کە یەکێکیان کورد و ئەوەی دیکە هاووڵاتییەکی سۆماڵی بوو، چوار کەسیش بێسەروشوێن بوون کە سێیان کوردن و ئەوەی دیکەش هاووڵاتییەکی میسرییە.

رۆژی سێشەممە 18-10-2022، رەنج مستەفا ئەمین، پارێزەری ئەو کەیسە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەوەی خستەڕوو کە کاتی خۆی لەسەر ئەو دۆسیەیە 3 سکاڵایان تۆمارکردووە “سکاڵی یەکەم لەسەر قاچاخچییەکان، سکاڵای دووەم لەسەر حکومەتی فەرەنسا و بەریتانیا، سکاڵی سێیەمیش سۆراخی بێسەروشوێنەکان.”

بە گوتەی رەنج مستەفا “ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەڕێگەی سەرجەم ئەفسەر و کارمەندەکانیانەوە بە تایبەت بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و ماکۆک و هێزی چالاکییە مەدەنییەکان توانرا یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن لە یەکێک لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لەڕێگەی دادگەی حاجیاواوە دەرچووە و گشتاندنی بۆ کرابوو. ئەو تۆمەتبارە لەکاتی ئەنجامدانی مامەڵەیەکی یاسایی دەستگیرکراوە.”

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا زانا مەمەند، برای یەکێک لە بێسەروشوێنبووکان و وەکو کەسوکاری قوربانییەکان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد “ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە، بە هیچ پاساوێک ئازادی نەکات، بەپێی یاسا و ماددە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.”

بە گوتەی زانا مەمەند ئەوان وەکو کەسوکاری قوربانییەکان دەزانن کێ قاچاخچی کۆچبەرەکان بوونە، “3 قاچاخچیان پەیوەست بوون بەو بابەتە، ئەمڕۆ خۆشبەختانە یەکێکیان دەستگیرکرا”.