د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: سەرۆک بارزانی دەرگا داخراوەکانی کردەوە


د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر، دەڵێت؛ بە حیکمەت و لێزانینی سەرۆک بارزانی گرێکوێرەکانی عێراق کرانەوە. دەشڵێ، ئەگەر کورد بە یەکگرتوویی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی داھاتوو نەکەن، ناتوانن مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنن، بۆیە زۆر پێویستە کورد بە یەکگرتوویی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات.

وڵاتان دەستخۆشیان لەو هەنگاوەی پارتی کرد
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکرای کرد:” زیاتر لە ساڵێک بوو گرێکوێرەکەی عێراق نەکرابوویەوە، بەڵام بە حیکمەت و لێزانینی سەرۆک بارزانی گرێکوێرەکە کرایەوە، بەشێوەیەک کرایەوە کە ھەموو لایەک رازی بوون، ھەم نێو ماڵی کورد تێک نەچوو، پەیوەندییەکان بە چاکی و ئاسایی مانەوە بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی، ھەروەھا لەگەڵ لایەنە عێراقیەکانیش بەشێوەیەکی باش و وەکو چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو قۆناغە ئەو بابەتە چارەسەر کرا، ئەویش دوای ئەوە ھات کە پارتی کاندیدی خۆی کشاندەوە، بە کشاندنەوەی ئەم کاندیدە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕا، کە ھەم لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بوو، ھەمیش لە بەرژەوەندی عێراقییەکان، ھەر ئەوەش وای کرد کە لایەنە عێراقیەکان پێشوازی لە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بکەن، ئەوەش وەک ئەوە وابوو کە دەرگایەکی داخراوی کردەوە، بەرووی ئەوەی کە پرۆسەی سیاسی عێراق بەشێوەیەکی ئاسایی بەرێوەبچێت، تەنانەن وڵاتانی دەرەوەش ھەموویان دەستخۆشیان لەو ھەنگاوە کرد، بە شێوەیەک کوردێک بووە سەرۆک کۆمار کە نوێنەری ھەموو کورد بێت، ھەروەھا حکوومەتیش پێک بێت کە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەک بێت.

پێویستە پشتگیری سەرۆک کۆمار بکرێت
د. بەشیر حەداد، رایگەیاند، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پشتگیری لە سەرۆک کۆمار بکەن، چونکە لەسەر پشکی کوردە، ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتوو بێت و کاریگەری ھەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێویستە ئێمەی کورد ئەو سەرۆککۆمارە بەھێز بکەین و پشتگیری بکەین، چونکە ئەگەر لایەنە عێراقیەکان بینیان کورد بۆ خۆی پشتگیری لە سەرۆک کۆمار ناکەن، ئەوانیش ھیچی بۆ دانانێن و کاریگەریان بەسەرەوە نابێت، بۆیە لەسەر کورد پێویستە پشتگیری لە سەرۆک کۆمار بکەن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی بتوانێت مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەناو مافە دەستوورییەکانی عێراقیەکان دا جێبەجێ بکات، ھەروەھا سەرۆک کۆماریش پێویستە خۆی سەردانی لایەنە کوردستانییەکان بکات، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ھەبێت، زوو زوو بیان بینێ، راوێژیان پێ بکات، ئەگەر بەو شێوەیە بوو دەتوانین ھەندێک لەو زیانانەی کە پێشتر کردوومانە قەرەبوو بکەینەوە”.

حکوومەتی نوێ گۆڕانکاریی دەکات
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی:” چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی داھاتوو گۆرانکاری بکات بەشێوەیەک کە بارودۆخەکە بەرەو باشتر بچێت، بەڵام بە شێوەیەک نا کە گۆڕانکاری ریشەیی بکات، لەبەر ئەوەی ھەم ئەو ماوەی کە لە پێشیەتی کەمە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان ساڵێک بۆ دوو ساڵ بێت تەمەنی ئەم حکوومەتە، ناتوانێت ھەموو کێشەکان بنبڕ بکات، لەلایەکی دیکەشەوە ھەژموونی وڵاتان بەسەر عێراقدا، بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا، ئەمە وا دەکات کە ھەر حکوومەتێک بێت بە تەواوەتی دەستکراوە نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە تا ئێستا نازانین رەوتی سەدر رێگە دەدات ئەو حکوومەتە کاری خۆی بکات، یان پاش ماوەیەکی کەم رێگری دەکات جا بە ھەر رێگایەک بێت، لەگەڵ ئەوەی لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و بەھێز نییە، بتوانێت چاودێری حکوومەت بکات و رێگری بکات و ھەندێک شت لەسەر حکوومەت فەرز بکات، لەبەر ھەموو ئەو ھۆکارانەی کە باسم کردن چاوەڕوان ناکرێت گۆرانکاریی ریشەیی لە بارودۆخی عێراقدا بکرێت، بەڵام شتێکیش دەکرێت بەلایەنی کەم تا ماوەیەک بارودۆخەکە سەقامگیر دەبێت، گرنگ ئەوەیە پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراق بتوانن پشتگیرییەکی باشی ئەو حکوومەتە بکەن، بۆ ئەوەی ھەندێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.

کورد یەکگرتوو بێت بەغداد ددان بە مافەکانیدا دەنێ
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، زیاتر دەڵێ:” کورد لە عێراقدا مافی دەستووری ھەیە، داواکاری رەوای ھەیە، ئەو داواکاریانەن کە جێبەجێ نەکراون ئەوانیش لە ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستا، ئەو داواکاریانە لە دەستووردا جێگیر کراون، لە چەندین رێککەوتننامەی نێوان ھەولێر و بەغدا داواکاریەکان جێگیر کراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون، پێویستە ئەوە جێبەجێ بکرێت، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە بۆ فشار خستنەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی، پێویستمان بەوە ھەیە بەھێزەوە مامەڵە بکەین، بەیەکگرتووییەوە، بۆیە ئەگەر کورد بە یەکگرتووی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی داھاتوو نەکەن، ناتوانن مافەکان بە دەست بھێنن، لەوانەیە دەستکەوتەکانی بە دەست ھاتوون مەترسی لەسەر بێت، ئەمە بەراستی زەرەری زۆر لە ھەرێمی کوردستان دەدات، بۆیە پێویستە ئەمجارە کورد بە یەکگرتوویی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، ئەو کات بەغدا تەماشا دەکات کورد بەھێزەوە ھاتووە، بۆیە دان بە مافەکانی دەنێ، ئەگەر ھەندێکیش بێت، بەڵام ئەگەر ھەریەکە و بۆ خۆیان چوون، بەغدا بەچاوێکی لاوازەوە تەماشایان دەکات، مافەکانی کورد دابین ناکات.

جێبەجی کردنی ڕێککەوتنەکان زامنی چارەسەری کێشەکانە
لە کۆتاییدا جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، روونیشیکردەوە:” ئەگەر ئیرادەیەکی راستەقینە ھەبێت، بەتایبەتی لەلای ئەو لایەنانەی حکوومەت پێک دەھێنن، ئەگەر ئەو رێککەوتنەی کورد، بەتایبەتی پارتی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەیە، جێبەجێ بکرێت و ئەوان پابەند بن بە رێککەوتنەکە بەڵێ دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و مافە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە کێشەکان ھەموو دەستوورینە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێن، بۆ نموونە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، یاسای نەوت و غاز دەردەچێت، دەبێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دروست دەکرێت، ھەروەھا پشکی ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دەدرێت، ھەروەھا زۆر خاڵی دیکە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، ھەموو ئەوانە جێبەجێ دەکرێن، بەڵام ئایا ئەوان پابەند دەبن بەو بەڵێنەی کە دەڵێن دەستوور جێبەجێ دەکەین، یان وەکو ھەموو جارێک دەستوور بەکاردەھێنن بۆ پێکھێنانی حکوومەت، دواتر دەستوور پشتگوێ دەخەن، یان دادگای ئیتحادی بەکاردەھێنن بۆ خراپ بەکارھێنانی دەستوور”.

ھەواڵی زیاتر