سەرۆک مەسعود بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە، پێویستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن بێت.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایك بڕایسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە دەیڤید هێنت كونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانكارییەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار تاوتوێكرا، هەردوولا جەختیان لەوەكردەوە كە پێویستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن بێت، بە پێویستیش زانرا ئەو پڕۆگرامەی كە لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەی سیاسی لەسەری رێككەوتوون، جێبەجێ بكرێت. بەجۆرێك ئەو پڕۆگرامە وەك و نەخشەڕێگەیەك بێت بۆ رێڕەوی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختیشی لە بایەخی رۆڵی ئافرەت و بەهێزكردنی ئەو رۆڵە كردەوە و هێمای بۆ ئەوەکرد، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگی پێگەیاندنی ئافرەتی چالاك بووە، بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە هەمیشە رۆڵی بە ئافرەت داوە.