پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆک کۆمار: هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەم

د. لەتیف ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 10ـی 2022 لە ڕێوڕەسمێکدا وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەستبەکاربوو، پاشان یەکەم گوتاری خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەش کرد.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: سوپاسی ئامادە و پاڵپشتیتان دەکەم و سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە متمانەی پێدام بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارییەتییەکی قورس و گەورە.

ڕاشیگەیاند: عێراق لە قۆناغێکی سەختە، هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییەکانی تێدا پارێزراو بێت، لە ئاییندەیەکی نزیک.

هەروەها گوتی: لەمڕۆوە دەست بە کارکردن دەکەین و قوربانی هێزە ئەمنییەکان لەبەرچاو دەگرین بە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی.

گوتیشی: گەلی عێراق چاوەڕوانی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی بەهێزە بەخێرایی، بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق، بۆ هێنانەدی داواکارییەکانیان کە بتوانێ قوتابخانە و ڕێگەوبان و کارەبا و خزمەتگوزاری پێشکەش هاووڵاتییان بکات و هەروەها پارێزگاری لە سەروەت و سامانی وڵات بکات و لە چاوەڕوانی هەموو هاووڵاتییەک بێت.

لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەش دا کە “هەموو هەوڵی خۆم  دەدەم بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان زۆر باش بێت و ئەو ئامانجە بەدی بهێنین کە ئێستا باسمان کرد، هەوڵ دەدەم بەوپەڕی ئەمانەتەوە پارێزگاری لە دەستوور و یەکگرتوویی و سەروەری خاکی عێراق بکەم.”

ئاماژەی بەوەش دا کە “هەوڵی چارەسەری کێشەکانی عێراق دەدەم، هەروەها هەوڵ دەدەم کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەپێی دەستوور چارەسەر بکەم.”

هاوکات د. لەتیف ڕەشید جەختی لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی کردەوە.

سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە ڕێوڕەسەمەکەدا باسی لەوەش کرد کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەوڵ دەدەم ئاییندەی کاری خۆم جارێکی دیکە بۆ گەلی عێراق ئاشکرا بکەم.