پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لێبڵی تایبەت بۆ بنەتۆى گەنمى هەرێمى کوردستان دانرا 

بۆ پێشخستنى زیاترى بەرهەمهێنانی بنەتۆی گەنم لە هەرێمی کوردستان و دانانی ناسنامە بۆ ئەو بنەتۆیەى کوردستان کە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانی تایبەت بەم بوارە بەرهەم دەهێنرێت و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکردنی بنەتۆی گەنم و ئاشناکردنی جوتیاران بە بەرهەمی بنەتۆی گەنمی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ، لێبڵی تایبەتى بۆ بنەتۆی گەنمی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان دیارى کردووە.

ئەم لێبڵە کۆدێکى تایبەتە بۆ ناسینەوەى جۆرى گەنمەکە و شوێنى بەرهه‌مهێنانەکەى و بڕەکەى و هەموو زانیارییە پێویستەکان وەک (Lot.Number، ڕێژەی خاوێنی، ڕێژەی شینبوون، ڕێژەی گژوگیای نەخوازراو، ڕێژەی تۆوی تر،…)ـی لەخۆ گرتووە، کە ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ بەسیستماتیککردنى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى ئەم بنەتۆیەى هەرێمى کوردستان بۆ دەرەوە تا وەک کۆدێکى هەرێم بناسرێتەوە و کارى پێ بکرێت.

‏ (Lot.Number) هێمایەکى تایبەتە کە لەسەر گوشى بنەتۆکان دەدرێت و لە 12 ژمارە و 3 پیت پێک دێت کە هەریەکەیان هێمایە بۆ سیفاتێکی جیاوازی بنەتۆ و کۆدى شوێنى بەرهەمهێنان و کۆدى تەرزەکە.

شایەنى باسه‌ لە ساڵى 2022 زایینى، کۆی گشتی بنەتۆی گەنمی بەرهەمهاتوو لە لایەن وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان بریتى بووە لە: (7 ملیۆن) کیلۆگرام واتە (7هەزار تەن) کە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بووە:

ـ پارێزگاى هەولێر: (1.800.000) کیلۆ گرام

ـ پارێزگاى سلێمانى: (1.800.000) کیلۆ گرام

ـ پارێزگاى دهۆک: (1.800.000) کیلۆ گرام

ـ پارێزگاى هەڵەبجە: (200.000) کیلۆ گرام

ـ ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: (1.400.000) کیلۆ گرام

بە پێى لێدوانى ڕێژین سدیق عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، “ئەم لێبڵە، دەستکەوتێکى گەورەیە بۆ وەزارەت و حکومەتى هەرێمى کوردستان کە بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق دروست بکرێت تا بنەتۆى هەرێمى پێ بناسرێتەوە، چونکە لەسەر بنەماى ستانداردێکى جیهانى دانراوە کە لە لایەن ڕێکخراوەکانى تایبەت بە بنەتۆ ناسێنراو و کارپێکراوە”.

شایەنى باسە، حکوومەتى هەرێمى کوردستان نزیکەى 10 ساڵە بەڕێوەبەرایەتییەکى تایبەت بە بنەتۆ لە نێو وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دامەزراندووە بە ناوى بەڕێوەبەرایەتیى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆ کە کار لەسەر بەرهەمهێنانى بنەتۆى نوێ و پەسەندکردنیان دەکات تا بنەتۆیەک بەرهەم بهێنرێت کە بگونجێت لەگەڵ کەشوهەواى هەرێم و بەمەش لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا، کوالێتى و جۆریەتى بەرهەمى گەنم لە هەرێم بە شێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە زیادبوون و باشبوون کردووە و هەر ئەمەش واى کردووە کە ئێستا گەنم و بنەتۆ و ئاردى هەرێمى کوردستان خوازراو بێت و هەر لەم چوارچێوەیەشدا 26 تەرزى بنەتۆ بە ناوى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە بەغدا تۆمار و پەسەند کراوە کە ئەمەش دووبارە کاریگەرى هەبووە لەسەر بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەى خەرجى سەر حکومەتى هەرێم. بۆ نمونە پێش 4 ساڵ، 35 هەزار تەن بنەتۆ لە دەرەوە هاوردەى نێو هەرێمى کوردستان دەکرا کە نە حکوومەت و نە جوتیاران دەرەنجامەکانیان لا ڕوون نەبوو چ لە ڕووى زۆرى بەرهەم و چ لە ڕووى کواڵێتى بەرهەمەوە، بەڵام ساڵى ڕابردوو ئەم ڕێژەیە کەم کرایەوە بۆ 11 هەزار تەن، چونکە بنەتۆى بەرهەمهاتووى هەرێمى کوردستان هەتا دێت زیاتر دەبێت و ئەگەرى هەیە لە چەندین ساڵى ئایندە هەناردەى دەرەوەش بکرێت.