سەرکردەیەکی گۆران: دژەتیرۆری یەکیەتی لای خەڵک متمانەی نەماوە

دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەکێتی، لەلایەن دژەتیرۆری یەکێتییەوە، دەچێتە چوارچێوەی کاری تیرۆرەوە، چونکە ئەو دەزگایە ئەفسەری خۆیان تیرۆر کردووە و ئەو کردەوەیە زۆر خراپ لەسەر دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی کەوتووە.”

گوتیشی: “دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی لەناو خەڵکدا ناوبانگی تەواو خراپ بووە، ھەرچەندە دەزگای دژەتیرۆر بۆ ئەوە ئەفسەرەکەی خۆی نەکوشتووە تاوەکوو ناوبانگی خۆی لەکەدار بکات، بەڵکوو بە ئامانجی ترساندنی خەڵک ئەو ئەفسەرەی خۆی کوشتووە، وەکوو چۆن پێشتر موراد کانی کوردەییان کوشت، بێگومان بە کوشتنی عەقید ھاوکار جاف، دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن، ئێمە دەستمان بە ھەموو کەسێک دەگات.”

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد: “دەزگای دژەتیرۆر خۆی ناوی دژەتیرۆرە، بەڵام ئەگەر خۆی بەو شێوە ئاشکرایە خەڵک تیرۆر بکات، بەڕاستی کارێکی زۆر ناشرین و مەترسیدارە، چۆنکە خەڵک متمانەی بەو دەزگایە نەماوە، بۆ دەزگای ئەمنی مەسەلەی متمانە زۆر ھەستیارە، چونکە خەڵک بۆیە پاڵپشتیی ئەو دەزگا ئەمنییە دەکات، كە ژیانی خەڵک دەپارێزێت، بەڵام دەزگایەکی ئەمنی کاتێک بەرپرسی خۆی تیرۆر بکات، متمانە لەدەست دەدا و گەڕانەوەی متمانە بۆ ئەو دەزگایە کارێکی قورس و گرانە.”

دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەش کرد: “باوەڕ ناکەم ئەمریکا لە کوشتنی عەقید ھاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەکێتی خۆش بێت، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، عەقید ھاوکار جاف، پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ئەمریکییەکاندا ھەبووە، ھەروەھا بڵاوکردنەوەی بەڵگەی دانپێدانانی تاوانبارانی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە، ھیچ گومانێکی لای خەڵکی کوردستان نەھێشتەوە، ھەروەھا بەشێویەکی زۆر باش شوێنپێی تاوانبارەکانیان ئاشکرا کردووە و بە ڤیدیۆ تەواوی تاوانەکەیان بڵاو کردەوە، بێگومان ئێستا خەڵک دەزانێت دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان چاوکراوەن و ئاگایان لە ھەموو شتێکە، بۆیە بەھۆی بەڵگەی دانپێدانانی تاوانبارانی عەیقد ھاوکار جاف، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، متمانەی لای خەڵکی کوردستان زۆر زیادی کردووە، بەڵام دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی متمانەی نەماوە.”

ھەواڵی زیاتر