بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 2022/10/16 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جەنەراڵ ماتیو ماكفارلان فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری، دەربارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا، دوا یاداشتی لێكگەیشتنی پێنتاگۆن لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی پێشمەرگە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاریكاری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە تا لەناوبردنی یەكجارەكیی داعش و نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەكانیان لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و سووریا و ناوچەكە بەگشتی. لەمبارەیەوە جەنەراڵ ماكفارلان پابەندیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا دووپاتكردەوە و هەردوولا هاریكاریی و هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بە پێویست زانی.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق و ئەركداركردنی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، ئامادەی بوو.