پارتی گرێ کوێرەی پۆستی سەرکۆماری کردەوە و پرۆسەکەی سەرخست

ئەوانەی لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو سەرکەوتن سەرەڕای زۆریی هەوڵەکانیان، دواجار خۆیان لە دامەزراندنی حکوومەت دوورەپەرێز کرد و دۆڕاوەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق دابمەزرێنن، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی رابردوو و ئێستای سەدر، پێناچێت حکوومەتی نوێ تۆکمە بێت و چوار ساڵەکەی تەواو بکات.

وەک ئاشکرایە پێنجشەمی رابردوو پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی کوردە یەکلایی بووەوە، لە پەرلەمانی عێراق لەتیف رەشیدی بە زۆرینەی دەنگ کردە پێنجەم سەرۆک کۆماری عێراق لەوەتەی عێراقی فیدراڵ دامەزراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرخستنی لەتیف رەشید رۆڵی هەبوو و هۆکاری سەرەکی بوو لە دەرهێنانی دۆخی عێراق لەو چەقبەستووییەی تێی کەوتبووە.
پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتییە و لە هەمان کاتدا فاکتەری سەرەکییە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق و بۆیەش هەر ئەو رۆژە سەرۆک کۆمار محەمەد شیاع سوودانی، پالێوراوی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقی راسپارد بۆ ئەوەی کابینەی نوێ پێکبهێنێت و بە پەرلەمانی بناسێنێت.
فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان ئەو فراکسیۆنەیە کە لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگ و کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە و مافی خۆیەتی راسپێردرێت بۆ ئەوەی حکوومەت پێکبهێنێت. هەر لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە بووە و لە راستیدا شیعەکان دەستنیشانیان کردووە چ کەسێک بکەن بە سەرۆک وەزیران.
لە هەڵبژاردنی رابردوو بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ شیعە بەسەر دوو باڵی جیاوازدا دابەش بوو و قووڵترین ناکۆکی کەوتە نێو ماڵی شیعە، ناکۆکییەکە ئەوەندە قووڵ بوو کە تارادەیەک کاریگەریی لەسەر هێزە کوردییەکانیش بەسەر دوو بەرەدا هەبوو.
بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقی فیدراڵ رەوتی سەدر زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کرد کە ٧٣ کورسی بوون و لایەنەکانی تریش کورسییەکانیان هەڵوەرین و تووشی دۆخێکی نالەبار بوون.
بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن دەبوایە فراکسیۆنی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپێردرێت، بەڵام ئەمە هەرگیز رووی نەدا چونکە لایەنە دۆڕاوەکان، هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دامەزراند و بەهۆی ئەوەی کە هیچ هیوایەکیان نەبوو حکوومەت دابمەزرێنن بڕیاریان دا ببن بە بەشێک لە حکوومەت و ئەمەش بەو ئامانجەی لە رۆڵ و پێگەی دەسەڵاتیان کەم نەکرێتەوە.
موقتەدا سەدر هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی ئاشکرا و توندی گرتە بەر و بڕیاری دا بە تەنیا حکوومەت پێکبهێنێت و ئەو لایەنانە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە کە رۆڵیان هەبووە لە گەندەڵی و ئەو دۆخە نالەبارەی ١٨ ساڵە عێراقییەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دڵنیا بوون لەوەی تەنانەت بەشداریشیان پێ ناکرێت بوون بە یەک لەسەر سێی پەکخەری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و رێگەیان لەوە گرت پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار بە رێژەی یاسایی بگات.
پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە دەبوایە لانی کەم ٢٢٠ کەس لە کۆبوونەوە ئامادە ببن و ئەو کۆبوونەوەیەش نەکرا تا دواجار سەدر پەرلەمانتارەکانی خۆی لە پەرلەمان کشاندەوە و تەنانەت وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسیش راگەیاند و لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی بە خۆپێشاندان و هەرەشە هەوڵی دا رێ لە سەرکەوتنی ئەو لایەنانە بکات کە لە هەڵبژاردنەکەدا دۆڕابوون.
لایەنەکانی چوارچێوە بە پڕکردنەوەی بۆشایی کورسییەکانی سەدر لەپڕ لە کەمینەی شیعەوە بوونە زۆرینەی پەرلەمان و دەستیان بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کرد. هەرچەندە هەنگاوەکانی چوارچێوەش چەندین مانگی خایاند تا سەر بگرن و ئێستا محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستەکە راسپێردراوە پاڵێوراوێک کە لای سەدر بە تەواوی رەتکراوە بوو و پێی وابوو دەبێ دەستی نووری مالیکی لەم حکوومەتە دوور بخرێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا سەدر بێدەنگ بوو، بەڵام رۆژی شەممە بێدەنگیی شکاند و ساڵح محەمەد کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە لە تویتێکدا هێرشی کردە سەر لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی نوێی عێراق و بە هاوپەیمانی میلشیایی تاقیکراو ناوی بردن و گوتی توانای ئەوەیان نییە ویست و داخوازییەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنن. هاوکات داوای کردووە عێراق نەبێتە یاری دەست ئەجێندای دەرەکی و چەک نەکەوێتە دەست میلیشیاکان و چیتر پارەی خەڵک نەکەوێتە گیرفانی گەندەڵکاران.
لە پەیامی سەدردا بە راشکاوی باس لەوە کراوە لە حکوومەت بەشداری ناکەن و هەڕەشەشی کردووە نابێت هیچ کەسێک بەناوی سەدرەوە بەشداری ئەو حکوومەتە بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە و ئەزموونی دەوڵەتداری ئەو لایەنانەی بۆ حکوومەتی نوێی عێراق راسپێردراون و بە سەیرکردنی دۆخی نالەباری عێراق و شپرزەیی لە سەرجەم کەرتەکان، زۆر زەحمەتە حکوومەتی نوێ بتوانێت بەسەر کێشەکاندا زاڵ بێت و تەمەنەکەی تەواو بکات.

ھەواڵی زیاتر