پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک کرایەوە 

عیماد دەھام، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، فڕۆکەی سەرۆکایەتیی عێراق، یەکەم فڕۆکەبوو کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک نیشتووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16ی تشرینی یەکەمی 2022)، ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوە و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێورەسمێکدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکی کردەوە.

عیماد دەھام، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە پارێزگای کەرکووک سەبارەت بەو بابەتە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری گواستنەوە، ناسر شبلی گەیشتووەتە شاری کەرکووک.

سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە پارێزگای کەرکووک باسی لەوەش کردووە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، فەریق روکن عەلی فرێجی و یاریدەدەریی پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری ھونەریی، عەلی حەمادی و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، لیوا کاوە غەریب و ژمارەیەك بەرپرسی دیکە ئامادەی رێورەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بوون.

عیماد دەھام ئاشکراشی کردووە کە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک دەست پێدەکەن و گوتی: ” فڕۆکەی سەرۆکایەتیی عێراق، یەکەم فڕۆکەبوو کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک نیشتووەتەوە”.