سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە هەردوو بنەماڵەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر دەکات

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی شه‌قامی 60 مه‌تری شاری هه‌ولێر كرد كه‌ حه‌وت قوربانی لێ كه‌وتبووه‌وه‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی شوان شێخ ئه‌حمه‌د و بنه‌ماڵه‌ی حاجی موعته‌سه‌م حاجی سه‌عید كردووه‌ و سه‌ره‌خۆشی لێ كردوون به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی 5 له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان.

مه‌سرور بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌دا ده‌ڵێت “بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی پێنج کەس لە بنەماڵە بەڕێزەکانتانم بیست بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ لە ناو شاری هەولێر”.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “پرسە وسەرەخۆشیتان لێ دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم، خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم”.

جێی باسه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی كاتژمێر 1:20 له‌ شه‌قامی 60 مه‌تری شاری هه‌ولێر له‌ژێر ئه‌نده‌رپاسی دارایی، ڕووداوێكی هاتوچۆ له‌نێوان دوو ئۆتۆمبێل ڕووی دا و به‌هۆیه‌وه‌ 5 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا له‌گه‌ڵ برینداربوونی 2 كه‌سی تر.