پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دەستەی وەبەرهێنان 500 هەلی کار بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵ ڕادەگەیەنێت

دەستەی وەبەرهێنان 500 هەلی کار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵ ڕادەگەیەنێت و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکەش دەڵێت، ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵییش پەسەند کراون.

بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە چواچێوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و لەژێر ڕێنمایی و فەرمانەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستەی گشتیی وەبەرهێنان گرنگیی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و 500 هەلی کار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی ڕادەگەیەنێت، هەر وەبەرهێنەرێکیش توانای هەیە دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان گوتیشی: “ئەو دەرفەتانەی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ جگە لەوەی دەبنە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ هەزاران دەرفەتی کاریش فەراهەم دەکەن بۆ خەڵکی کوردستان و وەبەرهێنەران.”

ڕوونی کردەوە: “لە سەردەمی کابینەی نۆ تا ئێستا مۆڵەت بە 37 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ دراون و 81 پڕۆژەی دیکەش پەسەند کراون لە قۆناغی مۆڵەتدان، دوای ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان مۆڵەتیان پێ دەدرێت.”