چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەوڵەتی یاسا لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دەکات

فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سوپاسی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی پارتی ده‌كات  بۆ كشاندنه‌وه‌ی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق و پاڵپشتیكردن له‌ كاندیدكردنی له‌تیف ره‌شید وه‌ك كاندیدێكی هاوبه‌شی نێو ماڵی كوردی بۆ ئه‌و پۆسته‌.

 فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت: ئێمە رێز لەو دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌گرین كه‌ مه‌به‌ست لێی ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشییه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان و ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ده‌ستهێنانی رێككه‌وتنی نیشتمانی بۆ ته‌واوكردنی شایسته‌ ده‌ستووریه‌كان له‌سه‌روویانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له‌ دانیشتنی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسادا هاتووه‌: ئێمه‌  پاڵپشتی ته‌واو له‌م هه‌نگاوه‌ی پارتی ده‌كه‌ین و داوا له‌ له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین به‌ده‌نگ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌وه‌ بێن، چونكه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ چه‌قبه‌ستووی سیاسی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت و وڵاتی خستووه‌ته‌ نێو بارودۆخێكی مه‌ترسیدار.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (12ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی دانیشتنی سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار بۆ كوردستان24ـی راگه‌یاند، تا ئه‌م ساته‌ كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار رێبه‌ر ئه‌حمه‌ده‌ و گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌رده‌وامن، پێویسته‌ چاوه‌ڕێی گفتوگۆكان بكه‌ین، بزانین ئه‌نجامیان چی ده‌بێت.