چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لێدوانی نوێی پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆمار نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (12ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی دانیشتنی سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار راگه‌یاند، گفتوگۆكان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به‌ پرسی سه‌رۆككۆمار به‌رده‌وامن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی كاندیدكردنی له‌تیف ره‌شید بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی: تا ئه‌م ساته‌ كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار رێبه‌ر ئه‌حمه‌ده‌ و گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌رده‌وامن، پێویسته‌ چاوه‌ڕێی گفتوگۆكان بكه‌ین، بزانین ئه‌نجامیان چی ده‌بێت.

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (12ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، فازڵ مه‌وات، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند: به‌دووری ده‌زانم كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی پەرلەمانی عێراق، كاردانه‌وه‌ی خێرای سه‌درییه‌كانی لێبكه‌وێته‌وه‌.

مه‌وات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی پینجشه‌ممەی پەرلەمانی عێراق‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری وڵات، “بێگومان نازانین كاردانه‌وه‌ی سه‌در چی ده‌بێت، به‌ڵام به‌دووری ده‌زانین سه‌در دژی ئه‌م دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان بێت.”

دووپاتیشی کردەوە، “چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ترسی له‌ كاردانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در نییه‌، چونكه‌ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ته‌واو یاسایی و ده‌ستوورییه، سه‌درییه‌كان خۆیان به‌رپرسی كشانه‌وه‌یانن له ‌پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌ حكومه‌تدا به‌شداربن، ئێمەش رێز له ‌بڕیاره‌كه‌یان ده‌گرین.

رۆژی11ـی تشرینی یه‌كه‌م، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی (13ـی تشرینی یه‌كه‌م) وه‌ك كاتی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری عێراق، ده‌ستنیشانكرد.