داوا دەکرێت ڕێککەوتن هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

لە دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنی عێراق هەرچەندە هێشتا حیزبەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت رێکنەکەوتوون، بەڵام هەوڵێک دەستیپێکردووە بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار، بەڵام پارتی و سوننە رەتی دەکەنەوە بێ رێککەوتنێک لەسەر سەرکۆمار هیچ دانیشتنێک بکرێت، سوننەش هەمان بۆچوونی هەیە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی و هەندێک لایەنی دیکە داوا دەکەن دانیشتنی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە بکرێت .

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت شکستی هێناوە لەوەی بتوانێ رێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت یەکلایی بکاتەوە، نە توانیویەتی ئەو توڕەییەی رەوتی سەدر بشكێنێت لەبەرامبەر پێکهێنانی حکوومەت، نە توانیویەتی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراقیش یەکلایی بکاتەوە .
شەوی یەکشەممە دوای کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژ لەسەر وردەکاری پێکهێنانی حکومەت لایەنەکان نەگەیشتنە ئەو رێککەوتنەی مەبەستیانە لەسەر پۆستەکان،هاوکات ترسی ئەوەشیان هەیە رەوتی سەدر دۆخەکەیان بەسەردا بتەقێنێتەوە و رێگە نەدات حکومەت پێکبێت .
هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە شەش لایەن پێکدێت، ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئاستەنگی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت چییە، بەپێی زانیارییەکان یەکێتی دوو بژاردەی رەتکردووەتەوە کە هەردووکیان پەیوەستن بەوەی کورد لە نێوخۆدا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە هاوشێوە سوننە و شیعەکان بۆ پۆستەکانیان، سوورە لەسەر ئەوەی بە بەربژێری جیاواز بچنە رکابەری سەرکۆمار، بەڵام پارتی ئەوە رەت دەکاتەوە و داوا دەکات رێککەوتنێک هەبێت لەسەر ئەو پۆستە یان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی ببێتەوە .
بەپێی زانیاری ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی چوارچێوەکە دەیەوێت هەردوو حیزب بە کاندیدی جیاوازەوە بچنە سەرۆککۆمار، بەڵام لە ناو خۆشیاندا ناکۆکیان هەیە، هاوپەیمانی نەسر بایکۆتی هەموو دانیشتن و بڕیارێکی کردووە لەو چوارچێوەیە لایەنی دیکەش هاوڕا نین لەسەری و دەیانەوێت کورد خۆی یەکلایی بکاتەوە لەسەر ئەو پۆستە،چونکە دەڵێن ئەو بژاردەی دوو کاندید بێ متمانەیی دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەکخستنی کارەکانی دواتر .
ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ ” نامانەوێت هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە .
جگە لەو ناکۆکیانەی لە نێو خودی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، رەوتی سەدریش هەنگاوەکان رەت دەکاتەوە، سوورە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بۆیە ئێستا سوننەش بە هەمان شێوە ناڕازییە لەوەی بێ رێککەوتن هەوڵی دانیشتنی پەرلەمان بدرێت .
پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگەی رێبەر ئەحمەد کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆمار رایگەیاندووە:” دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یان لە رێگەی زۆرینەی هەڵبژاردن بێت واتە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمان لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، یان لە رێگەی خەڵکی کوردستانەوە واتە نوێنەریان لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە .
هاوکات شاندێکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش، بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی و فالح فەیاز و محەمەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە، پرسی سەرەکیش پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بوو .