هەوڵی هێنانی بە لێشاوی مادەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی قاچاخچییان و ئاشکراکردنی باندەکانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەری دەخەن کە هەوڵی بەلێشاو بۆ هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێت و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت کۆمەڵگە لەو دیاردە مەترسیدارە هوشیارتر بکرێتەوە.

کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان كە لەچاو کۆمەڵگەکانی دەوروبەر و زۆر لە کۆمەڵگەکانی جیهان کۆمەڵگەیەکی تەندروستترە، دوژمنان چاویان بەوە هەڵنایە کوردستان خاوەنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت و دەخوازن لە تواناکانی بیرکردنەوە و چالاکییەکانی کەم بکەنەوە و تاکەکانی لاواز و سست ببن و دواجار کۆمەڵگەیەک هەبێت کە مرۆڤەکانی بێدەسەڵات و گوێڕایەڵ بن و بە ئاسانی بکەونە ژێر کاریگەریی پیلان و فریوکارییەکان.
درەنگانی شەوی شەممە لەسەر یەکشەمی ئەم هەفتەیە هێزەکانی دژە تیرۆر لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا لە سنووری ئیدارەیڕاپەڕین دەستیان بەسەر ٨٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرت. سێ کەس دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.
هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەرە زۆرترین مادەی هۆشبەری بۆ بێت و لەم ساڵانەی دواییدا بازرگانیکردن بەو مادە مەترسیدارە زیاتر بووە.
وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان لە سەرچاوەی بازرگانیکردن و بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان، نزیکە و ڕۆژ نییە هەواڵێک لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانێکیان دەستبەسەرداگرتنی بڕێک مادەی هۆشبەر بڵاو نەکرێتەوە.
چەند مانگ لەمەوبەریش هێزەکانی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران توانیان تۆمەتبارێک بگرن كه‌ یەکێک بوو‌ لە گەورەترین بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان. جگە لەمە هەفتانە لە شوێنی جیاواز دەست بەسەر بڕی جیاوازی مادەی هۆشبەردا دەگیرێت و هەموو ئەوڕووداوانە هێمان بۆ پەرەسەندنی مەترسییەکانی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
بە پێی ئامارێکی ئەمساڵیڕێکخراویڕوشنبیری هۆشیاری دژی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵیڕابردوودا بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی بەو هۆیەوە گیراون نزیکەی پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.
جێی باسە دۆخی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارترە و بەشێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر لەو سنوورانە داخڵ دەکرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان دان. ماوەیڕابردوو دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر لە عێراق هۆشداری دا و گوتی قەبارەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سەرووی ملیارێک دۆلارە.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت جگە لە پۆلیس و دامەزراوەکانی بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکان دادگا، زانکۆ و مزگەوت و لایەنە پەروەردەییەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببنەوە.