وشكەساڵی ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە سۆماڵ خستووەتە مەترسییەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

فرمێسك بە چاویدا دەهاتە خوارەوە، كوڵمە پاسرکاوەکەی پەڵەی لێ هاتبوو؛ برسییەتی بەرووخسارییەوە دیاربوو، بە هێمنی دەیگوت تەنیا دەمەوێت لە ژیاندا بمێنم. ئەمە گوتەی داهیری تەمەن یانزە ساڵانە لە سۆماڵ، كە وشكەساڵی ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە و برسیەتییش بۆ ئاستێكی زۆر مەترسیدار بڵاو بووەتەوە.

لە دەرەوە شاری بەیدوعە لە سۆماڵ، فاتمە كە دایكی داهیرەیە، دەڵێت دوو هەفتە لەمەوبەر، كاتێك ویستوویانە بگەنە شاری بەیدوعە و سێ رۆژ بەپێ رۆیشتوون، لە رێگەدا كوڕە دە ساڵانەكەی لە برساندا مردووە.
ئەو قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”چەند مەترێك لەولای دەوارەكەمانەوە ناشتمان، بەڵام ئێستا لەبەر لم گۆڕەكەی بزر بووە و رەنگە خەڵكی تریش بێن و هەر لەسەر مەزاری كوڕەكەم دەوار هەڵبدەن، بۆیە دۆزینەوەی گۆڕەكەی زۆر زەحمەتە.“
خاكێكی زۆر لە سۆماڵ و دەرەوەی پایتەختدا وشكەساڵی لێی داوە، ئەمەش وای كردووە هەزاران خانەوادە بەرەو پایتەخت و ئەو شارانە كۆچ بكەن كە ئاوی لێیە، بەڵام لە رێگەدا دووچاری چەندین چیرۆكی تراژیدی بوون و سەدانیان لە برسان و لە تینوویەتیدا مردوون.
حكوومەتی سۆماڵ، بە فەرمی رایگەیاندووە كە وڵاتەكەیان برسیەتی لێی داوە، بەڵام هیچ لایەنێك نەیتوانیوە ئەو هەزاران كەسە رزگار بكات، كە لەناو كەمپدانە و برسیەتی و بێئاوی رووی تێ كردوون.
ئافرەتێكی تر كە ئەویش هەر ناوی فاتمەیە، دەڵێت بۆ ماوەی دە رۆژ كچەكەمم بە كۆڵمدا هەڵگرت، بەڵام تاقەتم نەما و لە كەنارێكدا بەجێم هێشت و تەنانەت تاقەتم نەبوو گۆڕیشی بۆ هەڵكەنم و بینێژم.
گۆڕانی كەشوهەوا وای كردووە، وشكەساڵی روو لە چەندین وڵات بكات، بەتایبەت وڵاتانی ئەفریقیا، كە سۆماڵیش یەكێكە لەو وڵاتانە.
دكتۆر عەبدوڵا یوسف، كە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سۆماڵدا پزیشكە، دەڵێت زۆربەی ئەو نەخۆشانەی لێرەن منداڵن و هەموویان نەخۆشییەكەیان ترسناكە، چونكە نانیان نەخواردووە و دووچاری چەندین كێشەی تەندروستیی بوونە.
ئەو دەڵێت: ”هەندێك لە منداڵەكان تاقەتی گریانیشیان نەماوە؛ هەندێكیان لە برساندا پێستیان برینی زۆر گەورەی پێوەیە و بە پێستیانەوە دیارە كە برسین و هەندێكیش پێستیان لەبەر برسیەتی تەقیوە“.
ئەو پزیشكە دان بەوەشدا دەنێت، كە بەشێكی زۆری منداڵەكان بەر لەوەی بگەن بە نەخۆشخانە لە رێگەدا دەمرن و بەرگەی ئەو برسیەتییە قاقڕە ناگرن.
بەرپرسانی حكوومی لە سۆماڵ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، هۆشداری دەدەن لەوەی پێوستە بەزووترین كات خۆراك بگاتە سۆماڵ، بەتایبەت باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، چونكە وشكەساڵی زەوییەكانی وشك كردووە و بەرهەمی كشتوكاڵی لێ بڕاوە، هەروەها برسیەتی كارەساتی خولقاندووە.
دكتۆر عەبدوڵاش ئاماژە دەدات، ئەگەر خۆراك و پێداویستیی تەندروستیی نەگاتە نەخۆشخانەكانی سۆماڵ، ئەو منداڵانەی لەناو نەخۆشخانەشن لە برساندا دەمرن.
ساڵی ٢٠١١، سۆماڵ وشكەساڵی لێی دا و، بەهۆیەوە ٢٦٠هەزار كەس تێدا چوون، كە نیوەی مردووەكان بەر لەوە برسیەتی رابگەیەنرێت مردبوون، بۆیە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن، برسیەتی رووی لەو وڵاتە كردووە، بەر لەوەی هەزاران كەس بمرێت، دەبێت خۆراكیان پێ بگات، با سیناریۆکەی ٢٠١١ دووبارە نەبێتەوە.