یاسای کوژاندنەوەی زەویوزار، تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویستدا جێبەجێ دەکرێت

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

دابینکردن و کوژاندنەوەی زەویوزار (زەوینی کشتوکاڵی) بەشێک بوو لە کێشەی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، چاکسازیی تێدا کراوە. نەرمین محەمەد محێدین بەڕێوەبەری گشتیی زەویوزاری کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەم بارەوە بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێکی هاووڵاتیانی دایەوە:

ـ ئێمە لە هەرێمی کوردستان، چەند جۆر زەویمان هەیە کە سوودیان لێ وەردەگیردرێت بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و گشتی؟
ـ نەرمین محەمەد: لە هەرێمی کوردستان، ڕووبەری گشتیی زەوی کشتوکاڵی (٤،٤٥١،٤٢٤) هێکتارە کە لەم بەشەش (٢،٧٥٤،٦٠٨) هێکتاری نەشیاوە بۆ چاندن کە ئەویش بە پێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە دابەش دەبێت: (هەولێر: ٨٨٧،٨٤٠ هێکتار، سلێمانی و هەڵەبجە: ٧٥٠،٨٠٩ هێکتار، دهۆک: ٦٢٩،٨٥٦ هێکتار و گەرمیان: ٤٨٦،١٠٣ هێکتار).
ئەوەی دەیشمێنێتەوە و شیاوە بۆ چاندن (١،٦٩٤،٨١٦ هێکتار)ـە کە دابەش دەبێتە سەر (١،٣٦٨،٣٨٨ هێکتار)ی دێمی و (٣٢٨،٤٢٨ هێکتار)ی بەراو کە ئەویش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت: (٦٣٤،٢٨٧ هێکتار، سلێمانی و هەڵەبجە: ٤٤٠،٩١٩ هێکتار، دهۆک: ٢٨٤،٨٦٦ هێکتار، گەرمیان: ٣٣٦،٧٤٤ هێکتار).
هەروەها گرنگە ئەوە بڵێین کە لە وەزارەتەکەماندا تەنیا زەوی بۆ پڕۆژەی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت تەرخان ناکەین بۆ مەبەستی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان، بەڵکو پەیوەندی و هەماهەنگییەکی زۆریشمان لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان هەیە بە مەبەستی تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانیان وەک پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و سامانە سرووشتییەکان و کارەبا و پیشەسازی و سەوزایی و زۆر بابەتی تریش بە مەبەستی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شارەکان. ئێمە دەسەڵاتی تەرخانکردنی زەوی کشتوکاڵیمان هەیە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کە بەشی (ڕووەکی و ئاژەڵی) لەخۆ دەگرێت؛ هەروەها دەشتوانین زەوی بۆ پڕۆژە ناکشتوکاڵییەکان تەرخان بکەین لەسەر زەوی بەردەڵان کە نەشیاوە بۆ چاندن.
ـ لەم کابینەیەدا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ زەویی کشتوکاڵی کردووە؟
ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لەم کابینەیەدا دەستمان بە زەوییەوە گرتووە و لەو ماوەیەی کە بەندە لێرەم کە نزیکەی ١١ مانگە، لە حاڵەتی پێویست نەبێت زەویی کشتوکاڵی تەرخان نەکراوە بۆ مەبەستێکی دیکەی بەدەر لە مەبەستی کشتوکاڵی ئەمەشیان بە ڕەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر بنەمای یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کارمان کردووە بە پێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان دەکرێت پڕۆژەی ناکشتوکاڵی لەسەر زەوی بەردەڵان ئەنجام بدرێت.
هەروەها بەشداربووین لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای چارەسەری زێدەڕۆیی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە. دوای ڕاپەڕین، زێدەڕۆیی زۆر لەسەر زەوییە کشتوکاڵی و ناکشتوکاڵییەکانی حکوومەت کراوە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، بۆیە ئێمە لە چارەسەری ئەم پرسە و لەم پڕۆژە یاسایە هەوڵمان داوە نە هاووڵاتی زەرەمەند بێت و نە حکومەتیش دەستی بەو زەوییانە ڕانەگات. بۆ چارەنووسی ئەو زەویانەی کە لە دەستی هاووڵاتیاندان، زەوییەکەیان لە چوارچێوەیەکی یاسایی و بە پێی بڕگە و مادەکانی یاساکە لە ژێر دەستی هاووڵاتیان دەمێنێتەوە و بە کرێ دەبێت تا ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ حکوومەت!
ـ لەم ماوەیەدا کار لەسەر گۆڕینی زەوی کارت بۆ تاپۆ کراوە، ئێوە لەم بارەوە چەندە ڕۆڵتان گێڕاوە؟
ـ نەرمین محەمەد: پێشتر زەویی زۆر بە شێوەی کارت بەسەر هاووڵاتیان دابەش کراوە، بۆیە لە پڕۆسەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرسێ وەزارەتی داد و شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار کراوە بۆ گۆڕینی کارتەکان بۆ تاپۆ. ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان دەست لەو زەوییە کشتوکاڵیانەمان هەڵگرتووە بۆ شارەوانی تا ئیفراز و جیاکارییان بۆ بکەن و کارتەکە بگۆڕن بۆ تاپۆ و بە ناوی هاووڵاتیانەوە بکرێت.
ـ زۆر زەوی کشتوکاڵی هەیە بە نیوەناچڵی کاری لەسەر کراوە، ئێوە لەو بارەوە چیتان کردووە؟
ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لەم کابینەیەدا ئیشی جدیمان کردووە لەسەر تەواوکەر و پاشکۆی پرۆژە کشتوکاڵییەکان بە مەبەستی پاراستن و باشترکردن و زیاترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٨ کە یاسای پاراستن و پەرەپێدانی بەروبوومی کشتوکاڵە. وەک پڕۆژەی کۆگای ساردکەرەوە و وشککەرەوە و هەباشەی گەنم و وشککردنەوەی گەنمەشامی، چیپس و فینگەر و زۆری تریش کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەمانە نەبوونە و ئێستا وەک تەواوکەری پڕۆژەکان زۆر سوودمەند دەبن.
زەوینی دابەشکراو لەم سێ ساڵەدا چەندە؟
ـ نەرمین محەمەد: لە کابینەی نۆیەمدا واتە لە ڕێکەوتی ١٠/٧/٢٠١٩ تا ١٦/٨/٢٠٢٢، زەویمان بۆ ئەم بەشانە تەرخان کردووە:
ـ ١٦٦ مامەڵەی تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان
ـ ٣٣١ مامەڵەی بەکرێدان و دابەشکردن و ژمارەیەکیش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیان بۆ کراوە.
ـ ١٥٩٤ پڕۆژەی بەرهەمهێنان کە دوو جۆرە (پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵی) لەخۆ دەگرێت.
ـ ٣١٧ مامەڵە بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی وەک کۆگای ساردکەرەوە و هەباشە و عەلوە و هتد.
ـ کوژاندنەوەی زەوییەکان چۆنە؟
ـ نەرمین محەمەد: پێشتر زەوییەکی زۆری کشتوکاڵی کوژاوەتەوە بێ ئەوەی لە بەرژەوەندی گشتیی و حکومەت بووبێت، بۆیە ئێمە لەم کابینەیەدا بە نووسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٦٠٠٧ ڕێکەوتی ١١/٩/٢٠١٩ کوژاندنەوە ڕاگیرا و تەنیا لە کاتی زۆر پێویست نەبێت. کوژاندنەوەی زەوییەکانیش لەسەر داوای فەرمانگەکانی حکوومەت و بۆ مەبەستی بەرژەوەندی گشتی لە دەرەوە و ناوەوەی سنووری شارەوانییەکان و بە پاڵپشتی بە یاسا و ڕێنماییەکان کارپێکراوەکان دەدرێت.
ـ لەگەڵ وەبەرهێناندا چیتان کردووە بۆ دیاریکردنی زەوی کشتوکاڵی؟
ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لە قۆناغی کۆتایی دیاریکردنی زەوی کشتوکاڵین بۆ دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی کە بەم شێوەیە (هەڵەبجە: ٤ پڕۆژە، زاخۆ: ٥ پڕۆژە، دهۆک: ١٠ پڕۆژە، هەولێر: ١٤٢٠ دۆنم زەوی و لە سلێمانی هێشتا دیاری نەکراوە).
ـ مامەڵەکانی تەسویە و تەملیک چ لێ دەکەن؟
ـ نەرمین محەمەد مامەڵەکانی (تەسویە) و (تەملیک) لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ی زایینییەوە وەستاون لەبەر نەبوونی بودجە، بەڵام ئێستا ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئامادەکردنی دەرخستەیەک بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێز ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بودجەی پێویست لەم بارەوە دابین بکرێت تا بەم مامەڵانە خاوەنداریەتی زەوییەکان یەکلا بکرێتەوە و ڕێگری بکرێت لە زێدەڕۆیی و هەروها خاوەنداریەتی مافی جووتیارەکان بچەسپێنرێت و ئێستا بەردەوامین لە کاری وردبینی ئەو ئەرکانەی کە پێویستی بە تەسویە و پێشتر کاری لەسەر کراوە.