له‌ هه‌ولێر 100 ملیۆن دار ده‌چێنرێ 

وەزارەتی شارەوانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “ئەمڕۆ دووشەممە 10/10/2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی و نەوزاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران كرد و لە دیدارەكەدا كە د. شەرمین عەلی، ڕاوێژكار و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانان ئامادەی بوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی چاندنی دار و نەمام و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێردا، جەختی كردەوە کە حكوومەت بەپێی پلان كار بۆ پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات”.

ئاماژە بەوەش دراوە کە لە بەشێكی تری گفتوگۆكەدا شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندارەكان تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار كە زۆربەیان داربەڕوون لە سنووری شاری هەولێر بچێنن.

ئەوەش خراوەتە روو: “ساسان عەونی، پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی شاندەكە كرد و جەختی كردەوە ئەو پلانە بۆ خزمەتكردنی كوردستان لەڕووی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر پێویستە بە تایبەتی چاندنی داربەڕوو كە یەكێكە لە سیمبۆلەكانی سرووشتی كوردستان و ئەوەی لەلایەن حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پلانە ستراتیژییەكە، هاوكار دەبین لە دابینكردنی زەوی لە پشتێنەی سەوزایی و پارك و باخچە دروستنەكراوەكان و هاوكات لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییە چاودێر دەبین”.