چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تاوتوێ یەکخستنی یەکەی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگە کرا 

بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان لەسەر پرسی یەکخستنەوەی ژمێریاری لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکاندا لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دووشه‌م دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە پێکهاتبوون لە عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و عەمید نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاکسازی و شاندێکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ هانس راوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان.

لە کۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بە تایبەت پڕۆژەی یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاری سەربازی و پلانی ساڵانەی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە لەم ماوەیەدا هاتوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات ئەو هێزانەش کە لە داهاتوودا دێنە ژێر بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها رێکخستنەوەی هەیکەلی هێزەکانی یەکەی 70 و 80 بە هەمان سیستەمی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەمووان هاوڕابوون لەسەر پرسی چاکسازی وەزارەت و پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن هێزێکی تۆکمە و کاریگەر.