پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بە گوژمەی ٢ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دروست دەكرێت

-لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو لە سەنتەری شاری هەولێر، پرۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لەسەر شەقامی ٣٠مەتری تاوەكوو شەقامی ٦٠مەتری لە نزیك سایلۆ جێبەجێ دەكرێت.
‎گوژمەی پرۆژەكە نزیکەی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابین دەكرێت و تیمە هونەری و ئەندازیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكەن.
ئێستا بەشێكی پرۆژەكە لەسەر شەقامی٦٠مەتری تەواو كراوە و كاری بەشەكانی دیكە لە ماوەی نزیكەی ٣ مانگی دیکەدا تەواو دەكرێت.
ئەم پرۆژەیە پێكهاتووە دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژیی ١٢٠٠مەتر، لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەستپێدەکات تاوەكو شەقامی ٦٠مەتری لە نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە.
ئەم ئاوەڕۆیە گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی ٣٠ مەتری و گوشار لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات و بەهۆیەوە سیستەمی ئاوەڕۆی شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوون بەخۆیەوە دەبینێت.