بێکارانی عێراق بۆ دابینکردنی کار ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن


ماوەی چەندین مانگە لە عێراق هیچ کەس باسی دۆخی بێکاری و هەژاری و بێدەرەتانی و قەیرانە جیاوازە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ناکات، مژاری گەرمی ڕۆژ و مانگەکانی ڕابردوو تەنیا دامەزراندنی حکوومەت و کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بووە و ئەو ناکۆکییانەش تا درێژە بکێشن ئەوا قەیرانەکانی تر قووڵتر دەبنەوە.

ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ٤٠ ملیۆن تێپەڕی کردووە و هێشتا کۆمەڵگەی عێراق لە ڕووی تەمەنەوە بە کۆمەڵگەیەکی گەنج هەژمار دەکرێت بەڵام سیستم و پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراو و داڕێژراو و ڕێکوپێک بۆ بەگەڕخستنی گەنجان بۆ سەر کار و دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و دۆزینەوەی هەلی کار لەئارادا نییە. ساڵانە ژمارەی بێکاران تا دێت زیاتر دەبێت و شەپۆلی دەرچووانی زانکۆکان ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت.
یەکێتیی کرێکارانی عێراق دوایین ژمارەی بێکارانی عێراقی بە شەش ملیۆن کەس ڕاگەیاند، یەکێتییەکە نائومێدیی خۆی لەوە دەربڕی کە هیچ پلانێک بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و دروستکردنی دەرفەتی کار لە ئارادا نییە و حکوومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە هیچی نەکردووە.
ستار دنبوس براک، سەرۆکی یەکێتییەکە ڕوونی کردەوە لەو شەش ملیۆن بێکارەی تۆمار کراون، تەنیا ٦٥٠ هەزار کەسیان لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی ناونووس کراون. هاوکات ئەوەی خستە ڕوو کە تەمەنی سوودمەندبوون لە بیمەی کۆمەڵایەتیش بە ٥١ ساڵ دانراوە و یاساکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و لە قازانجی بێکاراندا نییە.
ئەو ئاماژەی بە دۆخی ئەو کرێکار و کارمەندانە کردووە کە مووچەیان لە نزمترین ئاستیدایە. بەگوێرەی یاسای بودجە لە عێراق کەمترین بڕی مووچە ٣٥٠ هەزار دینارە و ئەمەش ناتوانێت پێداویستی ئەو خێزانانە دابین بکات کە ئەو مووچەیە وەردەگرن. ئەگەر دۆخی کرێکارێک بەم شێوەیە بێت دۆخی ئەوانەی کە هیچ کارێکیان نییە دەبێت چەندە خراپ بێت.
کێشەیەکی تری پرسی بێکاری لە عێراق ئەوەیە کە هێشتا کەرتی تایبەت لەو وڵاتە چالاک نییە و حکوومەت نەیتوانیوە کەرتی تایبەت پێش بخات و بەو هۆیەوە زۆرترین هەلی کار بۆ بێکاران و دەرچووانی زانکۆ دابین بکات. بە پێی ئەو ئامارەی یەکێتیی کرێکارانی عێراق خستوویەتە ڕوو تەنیا ١٠%ی کەرتی تایبەت چالاکە و کرێکارانی بیمە کردووە و ٩٠%ی بە هەڕەمەکی کار دەکەن یان ناچالاکن و کرێکاران هیچ مافێکیان بۆ دیاری نەکراوە.
یەکێکی تر لە کێشەکانی عێراق ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی بێکاری بەرزە و بە ملیۆنان کەس چاوەڕوانی ئەوەن دەرفەتێکی کار بدۆزنەوە کەچی لە دەرەوەی وڵاتەوە بەردەوام هێزی کار هاوردە دەکرێت و بەشێک لەو کرێکارانەش تەنانەت بەبێ ئاگاداریی وەزارەتی کاری عێراق هێنراون. یەکێتییەکە ژمارەی کرێکارانی بیانی بە یەک ملیۆن کەس هەژمار کردووە و دەڵێ ژمارەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبێت.
ژمارەی بێکارانی عێراق ئەوەندە بەرزە کە ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. کەم نین ئەو کرێکارە عەرەبانەی لە خواردنگە و گواستنەوە و پڕۆژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ژمارەشیان تا دێت زیاتر دەبێت.
کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە کەرتی تایبەت لە عێراق زۆر پێشکەوتووتر و بەهێزترە و ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ لەو کەرتە دامەزراون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە مافی کرێکاران زیاتر بکات و بە هەموارکردنی یاسا کارێک بکات کرێکاران هاوشێوەی کەرتی کشتی لە مافەکانیان سوودمەند بن.
یەکێک لە یاساکانی هەرێمی کوردستان کە هەوڵ دراوە بەسەر کارگە و پڕۆژەکاندا بسەپڕێنرێت ئەوەیە ٧٥%ی کرێکاران دەبێ کرێکاری خۆماڵی بن و خاوەن پڕۆژەکان بۆیان هەیە تەنیا ٢٥%ی کرێکاریان لە دەرەوە بێنن.

ھەواڵی زیاتر