گەنجێکی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەلاتی کوردستان کوژرا


بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 10-10-2022، گەنجێکی 22 ساڵانی دانیشتووی شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بە ناوی ئارین موریدی گیانی لەدەستدا کە لە خۆپێشاندانەکانی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندارکرابوو. 

ئارین موریدی دوای ئەوەی لە خۆپێشاندانەکاندا تەقەی لێکرا و بریندارکرا، گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ و لەوێشەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی کرماشان کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

تاوەکو ئێستا کوژرانی 30 هاونیشتمانی لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستبوونەتەوە. 

لە شنۆ 4 کەس، لە ورمێ 4 کەس، لە سنە 4 کەس، لە کرماشان 3 کەس، لە ئیسلامئاوا (شائاباد) 3 کەس، لە پیرانشار 2 کەس، لە دیواندەرە 2 کەس و لە هەریەک لە شارەکانی سەقز، دێولان، مەریوان، ئیلام و سەلاسی باوەجانیش کەسێک کوژراوە؛ هەروەها لە شاری قوچانی خۆراسانیش هاونیشتمانییەک کوژرا و دوو هاونیشتمانی خەڵکی خوڕەمئاوا و قەسری شیرینیش لە خۆپێشاندانەکانی کەرەج و تاران گیانیان لەدەستداوە.

خۆپێشاندانەکان لە 19-09-2022، دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیانپێکرد. ناڕەزاییەکان هەموو ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە هەموو ئەو وڵاتە لانیکەم 185 کەس کوژراون کە 19یان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.

ھەواڵی زیاتر