پەرلەمانتارێک زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنی دوو میدیاکارە بێسەروشوێن بووەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت: لە سلێمانی لەسەر سکاڵای دژەتیرۆری یەکێتی دەستگیرکراون.
یاسین خزر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند: “بۆ بەدواداچوون لەبارەی ئەو دوو میدیاکارەی لە دوێنێوە بێسەروشوێن بوونە، لەگەڵ پەرلەمانتار شاخەوان رەئووف بەگ، پەیوەندییمان بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیەوە کرد و پێی گوتین: ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەسەر سکاڵای هێزی دژەتیرۆری یەکێتی دەستگیرکراون و لای ئێمەن”.
سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی ئەو دوو رۆژنامەنووسە، یاسین خدر گوتی: “بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رەتیکردەوە کە ئەوان برینداربن”.
دەزگایەکی میدیایی ناوخۆیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابوون لەگەڵیان و بڕیاربوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر.