مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له فێستێڤاڵی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، داوای له مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان كرد له رێبه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه بێبه‌شیان نه‌كه‌ن و رێگەنەدەن هیچ كه‌س، گرووپ و لایه‌نێك ئایین بۆ ئەجێندای سیاسی بەکاربهێنێت. گوتیشی: پێغەمبەری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، رووبەڕووی نادادپەروەری بووەوە.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 9ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شاری هه‌ولێر به‌شداریكرد له فێستیڤاڵی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، و رایگه‌یاند: شەرەفمەندم یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، له شاری هه‌ولێر دەکەینەوە، جێی شانازییه بۆ هه‌ر هه‌موومان كه ئه‌مڕۆ لێره‌ین و ئه‌م یاده پیرۆزه ده‌كه‌ینه‌وه، پێویسته هه‌موومان دڵخۆشبین به‌وه‌ی خوای گه‌وره ئه‌و “نیعمه‌ته‌ی” به مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه.
له‌به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له پێكه‌وه‌ژیانی ئایینزاكان له هه‌رێمی كوردستاندا كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی بەیەکەوە دەژین. داواشی له مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان كرد لە رێبەرایەتی کۆمەڵگە و ئامۆژگارییه‌كانیان بێبەشیان نەکەن. گوتیشی: ئایین بۆ ئەوەیە مرۆڤ له‌گه‌ڵ خوای خۆی راستگۆ بێت.
مه‌سرور بارزانی گوتی: ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ژیانی پێغه‌مبه‌رمان محه‌ممه‌د دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، بكه‌ین، ده‌بینین پێغەمبەری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، لە سەردەمێکدا هات بۆ ئه‌وه‌ی رووبەڕووی نایەکسانی، نادادپه‌روه‌ری، زینده‌به‌چاڵكردنی ئافره‌ت و سته‌م ببێتەوە و، بۆ ئه‌وه هات رێگه نه‌دات به‌نده‌ی خوا ببێت به‌به‌نده‌ی هیچ كه‌سێكی دیكه و دادپه‌روه‌ری له جیهاندا به‌رپابكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی باسی له به‌كارهێنانی ئایین بۆ مه‌رامی سیاسی كرد و داوای لە مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان كرد رێگەنەدەن هیچ كه‌س، گرووپ و لایه‌نێك ئایین بۆ ئەجێندای سیاسی بەکاربهێنێت. راشیگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو ئایین و ئاینزاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.