سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:ئەو لایەنانەی دژی درێژکردنەوەکەن هەر خۆیان رێگربوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی کرد بۆ پرۆژە یاسای درێژکردنەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت، بە یاسا ساڵێک و چوار مانگ تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی، بەھۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاییەکان، ناچاربووین بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان، پەنا بۆ بژاردەی درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان ببەن.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگھێشتنامەیەک بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی ئاسایی، ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمان دەکات، لە میانەی بانگھێشتنامەیەکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (١٨)ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، رێواس فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بانگھێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکات، بۆ دانیشتنی ژمارە (١١)ـی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم، لە کاتژمێر (١٠)ـی بەیانی (رۆژی یەکشەممە ٩ـی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق)، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی ٦-١١-٢٠٢٢ وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی ئەم خولە لە رۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ سوێندی یاساییان خوارد، بۆیە تەمەنی یاسایی ئەو خولە یەک مانگی ماوە، بەگوێرەی ئەو کاتەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاریکردبوو دەبووایە ١-١٠-٢٠٢٢، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، کۆمیسیۆن و پێکھاتەکان رێگربوو لە بەڕێوەچوونی.
پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ٨٥ پەرلەمانتار، واتە بە دەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، حەوت پەرلەمانتاری گۆڕان، لەگەڵ پێکھاتەکان واژۆی لەسەر کرا و ٢٦ پەرلەمانتاریش لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە یەکگرتوو، کۆمەڵ، سەربەخۆکان و پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان کە پابەندی بڕیارەکانی فراکسیۆنەکەیان نابن، واژۆیان لەسەر پرۆژە یاساکە نەکردووە و دژی درێژکردنەوەکە بوون، نێوەڕۆکی پێشنیازەیاساکە لە سێ ماددە پێکھاتووە بە گوێرەی ماددەی یەکەمی بێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پەرلەمانی کوردستان لە ئەرک و کارەکانی بەردەوام دەبێت، بەمەرجێک بەر لە تەواوبوونی ئەو وادەیە ھەڵبژاردن بکرێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد:” پارتی لە بەرپرسیاریەتی راناکات و لەبەر تێکنەدانی سەقامگیری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، پەنای بۆ بەکارھێنانی زۆرینەی پەرلەمانی نەبرد، بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ:” پارتی ویستی درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی نەبوو، ساڵێک پێش ئێستا دەستمان بە گفتوگۆکرد لەگەڵ لایەنەکان بۆ ھەڵگرتنی بەربەستە یاساییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، دواتر زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدرا، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنی ھەڵبژارنەکان و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن کە لایەنەکانی دیکە داوایاندەکرد، بۆیە ھیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نەبوو، جگە لە پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و نەگەڕانەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٩٢.
زانا مەلا خالید، زیاتر گوتی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن مافی ھەموو خەڵکی کوردستانە نەک تەنها پارتی، بۆیە بۆ تێکنەچوونی یەکڕیزی و سەقامگیری ھەرێم و بەردەوام بوونی حکوومەت لە ئەرکەکانیدا، پارتی پەنای نەبرد بۆ بەکارھێنانی زۆرینە بۆ چالاککردنەوەی کۆمیسیۆن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی رەخنەی ھەندێک لایەن لە درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی:” ئەو لایەنانە خۆیان رێگربوون لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ئامادەی ھەڵبژاردن بووین”.
کلارا عۆدیشۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد، ئێمە وەکو پێکھاتەکان لەگەڵ ئەوەین تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، چونکە لە ٦ی ١١ تەمەنی پەرلەمان بەسەر دەچێت، بۆیە دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە، چارەسەریش ئەوەیە یاسایەک لە پەرلەمان دەربخەین، بۆ ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی شەرعیەت بدەینە دامودەزگاکانی کوردستان بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن، بۆیە ئەوە کارێکی ئاساییە و لە زۆر وڵات تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە، پێکھاتەکان ھەموو کاتێک لەگەڵ ئەوەن ئاسایش و سەقامگیری وڵات پارێزراو بێت، نەک ئێمە ببینە بەشێک لە کێشەکان، ئەوەی ھەندێک لایەن دەیکەن لە جێگەی خۆیدا نییە و تەنھا دەیانەوێت کێشە دروست بکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، گوتیشی:” ھۆکاری ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنەکان لەسەر کۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن نەگەیشتنە رێککەوتن، چەندین کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتی ھەرێم، لە پەرلەمان کران، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، ھەروەھا پێکھاتەکانیش تێبینیان ھەبوو لەسەر یاسای ھەڵبژاردن بەتایبەتی ئەو ماددەی کە پەیوەندی بە پێکھاتەکانەوە ھەیە، ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن و ھەڵبژاردن دوا بخرێت”.

ھەواڵی زیاتر