نزیكەی 400 تۆن قوڕولیتە لەژێر پردەكانی سەنتەری شاری هەولێر دەرهێنرا 

وەك ئامادەسازی بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە وەرزی زستان لەژێر پردەكانی سەنتەری شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لە هەڵمەتێكدا نزیكەی 400 تۆن خۆڵ و خاشاك و قوڕولیتە لە 10 وێستگەی ناو خەزانی ژێر پردەكانی شاری هەولێر دەرهێنرا.
ئەو هەڵمەتە ماوەیەكە لەسەر فەرمانی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و ژێر پردەكانی شاری هەولێر و هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و لافاویان لێ دەكرێت دەستیپێكردووە و تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی، شارەوانی و كرێكارانی خاوێنكردنەوە بە بەشداری سەدان ئامێر و كرێكار بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیشە.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەو كارە قورسەی خاوێنكردنەوەی حەوزی ژێر پردەكان، بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشنوگوزاری ڕاگەیاند: ئەو كارە زۆر قورسە، سەرەتا خۆڵ و خاشاك و قوڕولیتەیەكی زۆر لەژێر پردەكان لە فەردە دەكرێت و دواتر بە كرێن و بە دەست و بە پشت لەلایەن كرێكارەكانەوە دەهێندرێتە سەر شەقام و كۆدەكرێتەوە، پاشان بە شۆفەڵ و قەلاب بۆ شوێنی تایبەت دەبردرێت و ئینجا شەقام و حەوزەكانیش دەشۆردرێن، ئەمەش وەك ئامادەسازییە بۆ وەزری زستان و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و مەترسیی دروستبوونی لافاو.

ھەواڵی زیاتر