سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی حکوومەت: به‌راورد به‌وڵاتان هه‌رێمی كوردستان له‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ئاستێكی به‌رزدایه‌

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، “کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ” بەڕێوە دەچێت.

ئه‌مڕۆ 6/10/2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بوو و تێیدا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: “خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پەسەندكردن و جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ. ئەم پلانە نەخشەڕێگەیەكی گشتگیرە كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كراوە، لە پێناو برەودانی زیاتر بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەكاندا”.

ئەمەش دەقی وتارەكەیە: 

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

خوشك و برایانی بەڕێز

ئامادەبوانی خۆشەویست

بەیانیتان باش

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەم رێوڕەسمەدا بەشدارم بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پەسەندكردن و جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ. ئەم پلانە نەخشەڕێگەیەكی گشتگیرە كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كراوە، لە پێناو برەودانی زیاتر بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەكاندا.

پاراستن و پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ بەشێكی گرنگ و سەرەكییە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستن و داكۆكیكردن لە بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێم و بەهێزكردنی بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕەوی و دەمارگیری و جیاكاریی رەگەزی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی. لەم بۆنەیەدا پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و پاراستنی ئازادییە تاكەكەسی و گشتییەكان و بەرگریكردن بە بەها دیموكراسییەكان دووپات دەكەینەوە.

بەڕێزان: 

ئێمە پلانێكی چاكسازیی هەمەلایەنەمان هەیە و دەمانەوێت و ئومێدەوارین، پشت بە خوا و خەڵكی كوردستان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەربەست و ئاستەنگەكان تێپەڕێنین و بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتری حوكمڕانی هەنگاو بنێین كە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی مافەكانیان، سەنتەری گرنگیپێدان و ئامانجی لەپێشینەی حكوومەت بێت.

پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم. ئەم پلانە بە وردی داڕێژراوە و راو بۆچوونی دەسەڵاتەكانی (دادوەری، سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق – یۆنامی، كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێكخراو و ئاژانسە ناحكوومییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێم) وەرگیراوە و ئێستا لە جێبەجێكردندایە.

هیوادارم ناوەڕۆكی پلانەكە لە كایە جیاجیاكانی حكوومەتی هەرێم بە باشی جێبەجێ بكرێت و رەنگدانەوەی گرنگی لە پەرەپێدانی حوكمڕانییەكی باش و سەروەریی یاسا و كولتووری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم هەبێت.

جێی خۆشحاڵییە كە بەشێكی زۆری ئەو راسپاردانەی لەو پلانەدا هاتبوون لە ساڵی ڕابردوودا، وەك یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی كرداری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون و تەنانەت دەتوانین بڵێین بە بەراورد بە زۆر لە وڵاتان، هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە، بە تایبەتی لە بوارەكانی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، یاسای پاراستنی مافەكانی منداڵان و یاسای رۆژنامەگەری و چەندین یاسای دیكە.

بۆیە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و دەستوور و یاسا و ڕێسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، كار دەكات بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ. لە لایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە بۆ سووككردنی ئازارەكانی كەسوكار و قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش، هەروەها ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادكردنی ڕفێندراوانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر لەدەست تیرۆریستانی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش وەك تاوانی جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێم بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) پرۆژە یاسایەكی پێشكەش بە پەرلەمان كرد بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بە دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەكانیان. بەڵام بەداخەوە دادگای باڵای بەناو ئیتیحادیی عێراق پرۆژەیاساكەی رەتكردەوە كە ئەمەش پێشینەیەكی نوێ و جێی سەرسوڕمانبوو كە ڕێگە لە دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش بگیرێت.

پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، داڕشتنی میكانیزمێكە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی یاسابەركارەكان و گونجاندنیان لەگەڵ ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها سەبارەت بە كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش، ژینگەیەكی باش ڕەخساوە بۆ پاراستنی مافەكانیان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان.

حكوومەتی هەرێم نموونەیەكی سەركەوتووە لە برەودان بە دیموكراسی و داكۆكیكردن لە بەها دیموكراسییەكان، لەوانەش مافی ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەها پابەندە بە سیستەمێكی پتەوی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری، هاوكات كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی كارا و چالاكیش لە هەرێمی كوردستان هەیە كە وەك چاودێر ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. ئەمە جیا لە بوونی چەندین ڕێكخراو و ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی كە بەشدارن لە چاودێریكردن و بەرەوپێشبردنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ لە گرتووخانە و خانە چاكسازییەكان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندە بە حوكمی یاسا و هەبوونی دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەن، هەروەها پاراستن و پەرەپێدانی ئازادیی ڕادەربڕین و راگەیاندن، كاری لەپێشینەی حكوومەتی هەرێمە. لەم ڕووەوە حكوومەتی هەرێم كار لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەكانی دەكات، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ئازادیی ڕاگەیاندن.

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێممان راسپاردووە بۆ سەرپەرشتیكردنی جێبەجێكردنی پلانەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان. هاوكات دەبێت لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێكردنی پلانەكە و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئاگادارمان بكەنەوە، چونكە یەكێك لە ئامانجەكانی پلانەكە دیاریكردنی كەموكوڕییەكان و پێشنیازكردنی چارەسەری گونجاوە بۆ نەهێشتنیان.

لە كۆتاییدا دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت دەكەم بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم ئەركە. هاوكات ڕێز و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و دادوەری و دەستەی سەربەخۆكان دەكەم بۆ بەشداربوونیان لە جێبەجێكردنی پلانەكە، وە رۆڵی ڕێكخراو و ئاژانسە ناوخۆیی و بیانییەكانیش لە پرۆسەی راوێژكردن بەرز دەنرخێنین.

جارێكی تر زۆر سوپاستان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن.