سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێ پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی، تەمەنەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک درێژ بکرێتەوە.
بە پێی یاسا شەشی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت و ئەگەر بەیاسا تەمەنەکەی درێژ نەکرێتەوە ئەوا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە قۆناغی بۆشایی یاساییەوە. پەرلەمانتارانی ئەم خولە لە رۆژی شەشی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ سوێندی یاساییان خوارد، بۆیە تەمەنی یاسایی ئەو خولە یەک مانگی ماوە تەواو بێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەوڵێکی چڕوپڕ هەبوو چ لە لایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی و چ لە لایەن هەندێک پارتی سیاسی بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی لەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوە بچێت و رێگری لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بکرێت.
هەرچەندە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشان کرد بەڵام لەبەر دژایەتیکردنی هەندێک لایەنی سیاسی و پاشان ئامادەنەبوونی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی، یاسای هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردن
نەتوانرا لەو کاتەدا هەڵبژاردن بەرێوە بچێت
پڕۆژی پێشنیازەیاساکە کە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسندکراوە و پێشبینی دەکرێ دوای تێپەڕاندنی رەوتە یاساییەکەی و خوێندنەوەکانی پەرلەمان پەسند بکرێت.
بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و بهپێی حوكمی مادهی پێنج و بڕگهی یهكهم له مادهی ١٦و بڕگهی سێیهم له مادهی ١٨ و بڕگهكانی ”یهكهم و دووهم و سێیهم و چوارهم و پێنجهم” له مادهی ٢٠ و ٤٨،٤٧ و بڕگەی یەكەم لە ماددەی ٥٢ و مادەكانی ٥٧،٥٦،٥٥،٥٤ له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان، دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمان بڕیاری دا بهرنامهی كاری دانیشتنی ژماره نۆی ئاسایی خولی پاییزهی ساڵی چوارەم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان له سەعات ١٠ی بهیانیی رۆژی چوارشەم پێنجی تشرینی یەکەم بەڕێوە ببات.
بەگوێرەی بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ خوێندنهوهی یهكهم بۆ پێشنیازه یاسای بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان دەکرێت. لە بڕگەی دووەم بەردەوامی دەدرێ لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان.
جێی باسە پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان، پێکهاتەکانەوە واژۆی لەسەرکراوە، بەڵام فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە گۆڕان واژۆیان لەسەری نەکردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی پێداگری لەوە کردووە، لانی کەم شەش مانگ کاتی پێویستە بۆ ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژ بکرێتەوە ئەوا پێویستە لە مانگەکانی داهاتوو کێشەکانی پێوەندیدار بە سیستمی هەڵبژاردن و پرسی کۆمسیۆن و کێشەکانی تر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان یەکلایی بووبێتەوە و رۆژێک بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کە ساڵی ٢٠٢٣دا دیاری بکرێت و چاوەڕوان دەکرێ لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە کوردستان بەڕێوە بچێت.