ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵی فیدراڵی و رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تـایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (9) لە یاسـای چاکسـازیی دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی 5ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆدەبێتەوە.
راشیگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لە دوو بڕگە پێکدێت، کە بڕگەی یەکەمی بریتییە لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای (بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵی فیدراڵی ژمـارە 76ـی ساڵی 2012ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان) بۆ دەنگدان.
بڕگەی دووەمیش خستنەڕووی رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە تـایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (9) لە یاسـای چاکسـازیی، کە لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونەوە دەخرێتەڕوو.