قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، چەند گوندێکی سنوورەکەیان بۆردوومان کراوە و “ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.”
زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، لە نزیک کاژێر 07:00ی ئێوارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندەکانی زەرتکاوە، کۆشکەوە، بەیانە لە سنووری قەزای پێنجوێن و رەمێنە شارباژێڕ بۆردوومان دەکرێن.
لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکانەوە، قایمقامی پێنجوێن باسی لەوە کرد کە بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبووە، “تەنیا ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە.”
قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو هەمان ئەو ناوچانە لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کراون.
رەئووف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن باسی لەوە کرد، “کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چڕی سنووری پێنجوێن و شارباژێڕ بۆردوومان دەکات و زیانی گیانی نەبووە.”
بەگوتەی رەئووف رەشید، “بەوپێیەی ناوچەکە کشتوکاڵییە، مەزەندە دەکرێ زیانێکی زۆر بەر کشتوکاڵی جووتیاران کەوتبێ.”