پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فازل میرانی پێشوازیی لە سه‌رۆكى پارتى سۆسیالیستى كوردستانى باكوور (PSK) و شاندى یاوه‌رى كرد

ئه‌مڕۆ سێشەممە 4/10/2022 فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشوازیى له‌ مه‌سعود ته‌ك، سه‌رۆكى پارتى سۆسیالیستى كوردستانى باكوور (PSK) و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ زەعیم عەلى و مەحموود محەمەد، ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و عەلى حسێن، به‌رپرسى مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان و عێراق و، هۆشیار سیوه‌یلى، به‌رپرسى مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى، ئامادەی بوون، فازڵ میرانى وێڕاى به‌خێرهێنانى شاندى میوان، ڕۆشناییى خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و دواپێشهات و ڕووداوه‌ هه‌نوكه‌یییه‌كانى عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌.

سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى دووپاتى كردەوە كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆك مەسعود بارزانى پاڵپشتی مافه‌ ڕه‌واكانى هه‌موو گه‌لێكه‌ كه‌ خه‌بات ده‌كات بۆ ئەوەی مافه‌كانى خۆى به‌ده‌ست بێنێت به‌ ڕێگاى ئاشتییانه ‌و بەبێ توندوتیژى .

میرانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییەکانی نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستانى باكوور (PSK) مێژوویین و له‌ ده‌ستپێكدا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ خزمه‌تى گه‌لى كوردستاندا بوون‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانى خۆشگوزه‌رانى، وه‌ك هه‌موو گه‌لانى جیهان .

هەر لە دیدارەکەدا، مەسعود ته‌ك، سه‌رۆكى پارتى سۆسیالیستى كوردستانى باكوور (PSK)  زۆر سوپاسى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتیی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى كه‌ لێیان كراوه‌ و دووپاتى كردەوە كه‌ گه‌لى كوردستان یه‌ك ده‌رد و یه‌ك ئازار و یەک ئامانجیان هه‌یه،‌ ئه‌ویش به‌سه‌ربردنى ژیان به‌ سه‌رفرازى له‌سه‌ر زێدى خۆیان و گه‌لى كوردستان هه‌ر له‌مێژه‌وه‌ په‌رۆشى ژیانێكى سه‌قامگیر و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌یه‌ و ئه‌مه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى گه‌لى كورد و كوردستانه‌ .

مەسعود ته‌ك په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیی نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و پارتى سۆسیالیستى كوردستانى باكوور (PSK)ی بە پێشكه‌وتوو و زۆر سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد و هیواى خواست كوردستان هه‌ر له‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندندا بێت و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان خه‌ریكى به‌ستنى كۆنگره‌ى (3)ى حزبه‌كه‌یانن.

سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ كۆنگره‌ و گه‌شه‌سه‌ندنى حزبه‌كه‌یان خواست.