پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان خرایە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە 

سبەی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەم و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق دەكات.
بەرنامەی كاری سبەی بەمشێوەیە دەبێت..
بەپێی حوكمی مادەی (٥) و بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (١٦) و بڕگەی (سێیەم) لە مادەی (١٨) و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لە مادەی (٢٠) و مادەكانی (٤٧، ٤٨) و بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (٥٢) و مادەكانی (٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (٩)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە ‌خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر (١٠)ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ۲۰۲۲/۱۰/٥ بەم شێوەیە بێت:
یەكەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق)، بەپێی بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (٧٨) و ماددەكانی (٧٩، ٨٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
دووەم: بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.