ئاوی قورس یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی كه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی زانستی و دروست چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و خراپى له‌سه‌ر هاووڵاتییان و ژینگه ده‌بێت. كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی چه‌ند پڕۆژە‌یه‌كه‌وه، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن و دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئاوی قورسی ماڵانی داوه، یه‌كێك له‌و پڕۆژانەش ئێستا له شاری هه‌ولێر له قۆناغی تهندهرینگە و بڕیار وایە ده‌ست به دروستكردنی بكرێت.
گوژمه‌ی پڕۆژەكه ٢٨٨ ملیۆن دۆلاره
سه‌باره‌ت به پڕۆژەی ئاوی قورس له شاری هه‌ولێر، ئامۆژگار حه‌وێزی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشكه‌وتووی پڕۆگرامه‌كان له ڕێكخراوی جایكا ـ ئۆفیسی عێراق، بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: ئه‌م پڕۆژەیه له ڕێگه‌ی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنییه‌وه ته‌نده‌رینگ و كاری ڕاوێژی بۆ ئەنجام دەدرێت و وه‌ك قه‌رزی درێژخایه‌ن بە گوژمه‌ی ٢٨٨ ملیۆن دۆلار و له لایه‌ن دوو كۆمپانیای ژاپۆنی و به سه‌رپه‌رشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی جێبه‌جێ ده‌كرێت و بڕیار وایه سه‌ره‌تای ساڵی نوێ ده‌ست پێ بكرێت. ئێستا زه‌وی بۆ پڕۆژەکە ته‌رخان كراوه و ماوه‌ی چەند ساڵێکی پێویسته بۆ ته‌واوبوونى و به ته‌كنه‌لۆجیای ژاپۆنی كاری پێ ده‌كرێت، تەکنەلۆجیایەک كه ته‌نیا له ژاپۆن هه‌یه.
دوو كاری گرنگ له‌و پڕۆژەیه ئه‌نجام ده‌درێت:
یه‌كەمیان، دروستكردنی وێستگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه به ته‌كنه‌لۆجیای ژاپۆنی بۆ پاڵاوتن و پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی له ماڵان ده‌رده‌چێت، جیا له سوودوه‌رگرتن له ئاوی باران.
دووه‌میان، تۆڕی ئاو له چه‌ند گهڕەكێك دروست ده‌كرێت و بە ئاوی قورسى ئەم وێستگه‌یه‌وه دەبەسترێنەوە، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پاككردنه‌وه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی، ئه‌مه وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەكه، بەڵام له قۆناغی دووه‌م پڕۆژەکه فراوانتر ده‌كرێت و هه‌موو هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه.
قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکە:
وا بڕیاره له قۆناغی یه‌كه‌مدا یه‌ك له‌سه‌ر هه‌شتی پرۆژەی ئاوی قورسی هه‌ولێر دروست بكرێت و له كاتی ته‌واوبوونی ١٠٠%ی پرۆژەكەش ٨٤٠ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی ئاوه‌ڕۆ له ڕۆژێكدا پاك ده‌كاته‌وه.
له قۆناغی یه‌كه‌مدا ٧٥ كیلۆمه‌تر تۆڕی ئاوه‌ڕۆی له‌گه‌ڵدایه كه هێڵه سه‌ره‌كییه‌كان و هێڵه ناوه‌ندی و لاوه‌كییه‌كان ده‌گرێته‌وه. به جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژەیه، سێ گهڕەكی شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاوه‌ڕۆیه ده‌به‌سترێنه‌وه و ئاوی قورسی ماڵان له ڕێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌وه بۆ ئه‌و وێستگه‌یه ده‌ڕوات، دواتر هه‌ر له‌و وێستگه‌یه‌دا ئاوه قورسه‌كه ده‌پاڵێورێت به جۆرێك كه ده‌گاته ٩٠%ی ئاوی ئاسایی كه ته‌نیا بۆ خواردنه‌وه ناشێت، به‌ڵكو بۆ كشتوكاڵ و سه‌وزایی و پیشه‌سازی و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ش به‌كار دێت.
كاریگه‌ری و سوودەکانی پڕۆژەکە:
پرۆژەی ئاوی قورسی هه‌ولێر چه‌ندین گرفت كه‌م ده‌كاته‌وه و له ئه‌نجامدا سوودی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه له‌وانه:
ـ له ڕووی ژینگه‌ییه‌وه واده‌كات ئاوی ژێرزه‌وی زیاتر پیس نه‌بێت.
ـ ته‌واوكردنی ئه‌م پڕۆژەیه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك (كه‌ندی توڕەق و عاره‌ب كه‌ند) ته‌نیا ئاوی پاكی پێدا بڕوات.
ـ ئه‌و ئاوه‌ی لەسەر زه‌ویه‌كه ده‌مێنێته‌وه واتا سه‌رخانه‌كه‌ی ده‌توانرێت بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵی سوودی لێوه‌ربگیرێت.
ـ ده‌توانرێت ئه‌و ئاوه بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ پاركه‌كانی وه‌كو شانه‌ده‌ر و سامی عهبدولڕەحمان و ئه‌وانی دیكه تا بۆ مه‌به‌ستی ئاودان سوودی لێوه‌ربگیرێت.
- ئه‌و پڕۆژەیه سوودی بۆ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری ده‌بێت بۆ زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی له‌و ناوچانه.
ئێستا، ١٦ پڕۆژە له پلانی ستراتیژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار دایه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ كه‌وتوونه‌ته سه‌ر ڕووباره‌كان، یا ئاوه‌ڕۆیه‌كی زۆر ده‌كه‌وێته ئه‌و شوێنانه و كاریگه‌ریی ژینگه‌یی خراپی هه‌یه چ له‌سه‌ر ڕووباره‌كان و چ له‌سه‌ر كه‌نده‌كان و یا شاوى ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌ویی ئه‌و ناوچانه. كاتێك ئه‌و پڕۆژانه جێبه‌جێ ده‌كرێن وا ده‌كات ئاوی ئاوه‌ڕۆی قه‌زا و ناحیه و شارۆچكه‌كان به شێوه‌یه‌كی باش له ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌وه پاك بكرێته‌وه و دووباره به‌كار بهێنرێتەوە، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پارێزگاری له ئاوی ژێر زه‌وی بكرێت و زۆر به‌كار نه‌یه‌ت و وه‌كو كۆگایه‌كی ئاوی لێبێت بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پێویست سوودی لێوه‌ربگیرێت.