هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی: پارتی و یه‌كێتی پێویستییان به‌ رێككه‌وتنێكی نوێی ستراتیژییه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێوڕه‌سمی پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڕێز و شكۆوه‌ ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌ كاری سیاسی و ده‌وڵه‌تیدا، هه‌ستمان به‌ بۆشایی ئه‌و كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێوڕه‌سمی پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال تاڵه‌بانیدا، له‌ میانه‌ی گوتارێكدا رایگه‌یاند، هه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و ئاشناكردنی نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوو بۆ خه‌باتی مام جه‌لال، كارێكی گرنگ و پێویسته‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، مام جه‌لال بۆ رۆژنامه‌گه‌ری و رۆشنبیری زۆری كرد.

ده‌شڵێت: “من مام جه‌لالم له‌ رۆژی ئاشتی و ته‌باییدا ناسیووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ بۆمن یادگاریییه‌كی گه‌وره‌ی پاراستنی ئاشتی و پێكه‌وه‌ كاركردنه‌”.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ رۆژی 8ـی نۆڤێمبه‌ری ساڵی 1986، هه‌ردوو ره‌وانشاد مام جه‌لال و باوكم، رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیان واژوو كرد، من ئه‌و رۆژه‌ له‌ خزمه‌ت باوكم چووبووم بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، كه‌ رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ گه‌لی كوردستان، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌موو پارته‌كانی كوردستان ئاشتبوونه‌وه‌ و شه‌ڕی ناوخۆ كۆتاییهات و به‌ره‌ی كوردستانی دامه‌زرا، به‌هۆی به‌ره‌ی كوردستانیشه‌وه‌ راپه‌رین ئه‌نجامدرا و هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، ئه‌و رۆژه‌ بۆ یه‌كمجار مام جه‌لالم بینی، تا ئه‌و كاته‌ی نه‌خۆشكه‌وت و كۆچی دوایی كرد، رێز و په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌ نێوانماندا هه‌بوو، بۆیه‌ رێز و خۆشه‌ویستی مام جه‌لال هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی روونیشیكرده‌وه‌، دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ ساڵی 1994، ویستی مام جه‌لال و باوه‌ڕی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئاشتی، وایكرد رێككه‌وتنی ئاشته‌وایی له‌ ساڵی 1998 له‌ واشنتن واژوو بكه‌ن و قۆناغێكی نوێی ئاشتی و پڕ له‌ ده‌ستكه‌وت بۆ گه‌لی كوردستان تۆماربكه‌ن، زۆر ده‌ستكه‌وت به‌هۆی پێكه‌وه‌كاركردنی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك مام جه‌لال هاته‌ ئه‌نجام.

ئه‌وه‌شی گوت: “مام جه‌لال هه‌موو شتێكی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی دڵی كاك مه‌سعود خۆش بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش كاك مه‌سعودیش هیچ داوایه‌كی مام جه‌لالی ره‌تنه‌ده‌كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك بارزانی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆككۆمار له‌نێو چوارچێوه‌ی بڕیاری كوردستانی و له‌ده‌ستی مام جه‌لالدا، ملی نه‌دایه‌ به‌ر گوشاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و گوشاره‌ ناوچه‌ییه‌كانیش”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: “مام جه‌لال زۆر په‌رۆش بوو بۆ ته‌بایی، به‌تایبه‌ت ته‌بایی نێوان پارتی و یه‌كێتی، چه‌ند جارێك له‌خۆیم بیستووه‌، ئه‌گه‌ر رۆژگار بگه‌ڕابا دواوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مده‌هێشت ناكۆكی بكه‌وێته‌ نێوان من و جه‌نابی بارزانی نه‌مر”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌كاتی واژووكردنی رێككه‌وننامه‌ی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی، هه‌ندێك پێیانوابوو خنكانی دیموكراسییه‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ره‌ی ناوخۆی به‌هێزتركرد و پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو هێزی سه‌ره‌كی عێراق ئێستاش پێویستییان به‌ رێككه‌وتنێكی تازه‌ی هاوبه‌شه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌م قۆناغه‌”.

له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماره‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ مام جه‌لال هێزی به‌و پۆسته‌ به‌خشیبوو، چونكه‌ ببووه‌ هۆكاری ته‌بایی بۆ هه‌موو هێزه‌ عێراقییه‌كان.