پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی: ئومێدەوارم بەیەکەوە کاربکەین لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لە سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو لیز ترەس پێگەیشت.

سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە نامەکەیدا ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا کردووە لە مانگی چواری ئەمساڵ و دەڵێت” زۆر خۆشحاڵبووم کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە لەندەن پێشوازیمان لە بەڕێزتان کرد و هیوادارم سەردانەکە بەرهەمدار بووبێت”.

سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، باس لە  پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو دەکات و دەڵێت: “خۆشحاڵم کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولامان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە”.

ليز ترەس هەروەها لە نامەکەیدا دەڵێت: ئێمە بەهای هاوبەشمان هەیە و پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بە شێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە، بەیەکەوە بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە کۆتاییدا نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: ئومێدەوارم بەیەکەوە کاربکەین لە پێناو بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان.