چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

٨٥ پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و لەم هەفتەیەدا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە

بۆ ئەوەی بۆشایی دەستووریی لە ھەرێمی کوردستان دروست نەبێت، تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژ دەکرێتەوە. پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، ھۆکاری ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی، بۆ ئامادەنەبوونی ھەندێک لایەنی سیاسی دەگەڕێتەوە، کە ھەر رۆژە و بیانۆیەکیان دەھێنایەوە، بەس بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی ھەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئێستا کە ھەڵبژاردن نەکرا دەبێت بەرپرسیارەتیش ھەڵبگرن، ئێمە وەکو پارتی پێداگیر بووینە کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

لە پەرلەمانی کوردستان ٨٥ پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە

رۆژی ٢٤/٢/ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی واژۆکرد و بڕیاریدا رۆژی ١/١٠/٢٠٢٢ ھەڵبژاردن بکرێت، دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیھەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد ھاوئاھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی بکەن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن یەکلایی نەکردووەتەوە.

بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پێش کۆتایی ھاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بەڕێوە بچێت، کە ئەم خولەی پەرلەمان لەڕۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ کۆتایی دێت.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” سەرۆکی ھەرێم لە مانگی دووی ئەمساڵ یەکی مانگی ١٠، واتە دوێنێ کە ١/١٠ بوو دەست نیشان کردبوو، بۆ رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام لەو وادەیەدا ھەڵبژاردن نەکرا، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو ھەندێک لە لایەنەکان زۆر بەربەستیان دروست کرد، زۆر لایەن بیانۆیان ھێنایەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەو ماوەیەدا نەکرێت، ئێمەش وەکو پارتی پێداگیر بووینە کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، سەرۆک بارزانی لە ھەموو چاوپێکەوتنەکانی رایگەیاندووە ئەگەر ھەڵبژاردن سبەی بکرێت پارتی ئامادەیە، ھەر لەبەر ئەوەش پارتی بە ھەموو داواکاری لایەنەکان رازی بوو، بەس بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ھەندێک لە لایەنەکان بەردەوام بیانۆیان دەھێنایەوە، بەس بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا نەکرێت، ئێستاش کە ھەڵبژاردن نەکرا دەبێت بەرپرسیارەتی ھەڵبگرن.

ئەو ئەندامەی لیژنەییاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی:” ئەگەر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە دەکەوینە ناو بۆشایی یاسایی و دەستووری، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنەکان پێکەوە بڕیار بدەن بۆ ماوەیەک تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، ھەر چەندە پارتی لەگەڵ ئەوەش نییە، بەڵام ئەوە داواکاری ھەندێک لایەنە، ھەروەھا ئێستا بۆتە واقیعێک کە بۆ ماوەیەک دەبێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان رێکبکەون بۆ کاتێکی دیاریکراو، ھەروەھا دەبێت ئەو کاتەی کە دیاریدەکرێت لەگەڵ ئەو ماوەیە گونجاو بێت کە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن پێویستی پێیەتی.”

د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەولێری ھەڵبژاردنەکان، بە “ھەولێر”ـی گوت:” گفتوگۆکردن لەسەر وادەی ھەڵبژاردن بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێکی فەرمی بە دەست ئێمە نەگەیشتووە، ھەر کاتێک پارتە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر کاتی ھەڵبژاردن ئێمە وەکوکومیسیۆن ئامادەین جێبەجێ بکەین، کە زۆر پێویست بوو ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کرابایە، جگە لەوەی پێوەرێکی نێودەوڵەتییە، ھەڵبژاردن مافێکی ئاسایی و یاسایی خەڵکە و دەبێت چوار ساڵ جارێک ئەو مافەی ھەبێت، ھەروەھا بە گوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان چوار ساڵ جارێکە”.