پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە سوپای پاسدارانی ئێران لەڕێگای درۆنەوە بۆردوومانی گوندی وەردەی لە سنووری قەزای چۆمان كرد.
عەبدولوەهاب مەحموود، قائیمقامی چۆمان بە وەكالەت بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: كاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان نزیك گوندی وەردەی لە سنووری قەزای چۆمان بۆردوومان كردووە، ئەم شوێنەی بۆردوومانكراوە، نزیك خانووی هاووڵاتییانە و شوێنی كار و كەسابەتی گوندنشینان و لەوەڕگای گوندەكەیە، دوو ڕۆژە ئێران بە شێوەی هەڕەمەكی دەستی كردووە بە تۆپبارانكردنی ناوچە كوێستان و نزیك ئاوەدانی، كە گوندنشین و كۆچەری و ئاژەڵدارانی تێدا دەژین.
راشیگەیاند: هەرچەندە تۆپبارانەكان هیچ زیانێكی بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی نەبووە، بەڵام ترسی لای هاووڵاتییان دروست كردووە، بەهیچ جۆرێك ئەو ناوچانەی بۆردوومان كراون، هیچ پێشمەرگەیەكی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێ نین.
گوندی وەردە تەنها یەك كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای چۆمان دوورە و دوێنێش تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كوێستانەكانی سارتكە و بنحەسار و بناری هەڵگوردیان لە سنووری باڵەكایەتی تۆپباران كرد.