بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بازاڕی کەونی زاخۆ نۆژەن دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئێدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کەونی زاخۆ دەربڕیوە و بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە.

چیا ئه‌مین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئێدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە سەرچاوەیەکی راگەیاند:: ”بازاڕی کەونی زاخۆ لە لەناوچوون دەپارێزرێت و 130 دووکانی ئەو بازاڕە نۆژەن دەکرێنەوە کە مێژووی ئەو دووکانانە زۆر کۆنە و ئێستا بڕیار لەسەر نۆژەنکردنەوەیان دراوە و دەکەونە خزمەتی کەرتی گەشتوگوزارەوە کە بەهۆی کۆنیی دووکانەکانەوە ئێستا بەکار نایەن، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەیان جارێکی دیکە بەکار دێنەوە، دەرگای ئەو دووکانانە لە دار دروست کراوە و بیناکەیشیان بە بەرد دانراوە”.

گوتیشی: ”بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بازاڕە چوار کۆمپانیا هەوڵیان داوە پرۆژەکە وەربگرن کە دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەک دەردەچێت، کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە دەست پێ دەکات”.

ئاشکرایشی کرد: ”هەموو دووکانەکان لەسەر شێوازە کۆنەکەیان نۆژەن دەکرێنەوە و دووبارە دەکەونە خزمەتی خەڵکی زاخۆ و دەبنە هۆی ئەوەش کە گەشتیاران کاتێک سەردانی زاخۆ دەکەن، سەردانی ئەو بازاڕەش بکەن، بۆیە ئەوە پرۆژەیەکی گرنگە لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر