پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڵاویكردۆتەوە كە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڕەشەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆی تایبەتیان لە ئافرەتێك كردبوو.
ئاماژەی بۆ ئەمەشكردووە كە دوای‌ ئەوەی‌ ئافرەتێك لەبنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد سكاڵای‌ تۆماركرد كە دوو تۆمەتبار هەڕەشەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆ تایبەتییەكانی‌ لێدەكەن، دەستبەجێ هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی‌ تۆمەتبار.
پۆلیس روونیشیكردۆتەوە كە دوای‌ وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەر، توانراوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیربكرێن.
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دەشڵێت: هەردوو تۆمەتبار (ر، ج، س) و (ر، س، ع) لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ (2) لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.