شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ڕووداوێكی هاتووچۆ پێنج قوربانی لێكەوتەوە

لەسەر رێگەی دەربەندیخان و سلێمانی، لە پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلدا پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. 

رووداوەکە کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ شەممە 01-10-2022، لە نزیک گوندی سیارە روویداوە؛ رێپێدراوی هاتووچۆ محەممەد ئەحمەد لە هاتووچۆی دەربەندیخان رایگەیاند: “پێکدادانەکە لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بووە.” 

هەر پێنج کەسەکە لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکدا بوون. محەممەد ئەحمەد گوتی: “سێ کەسیان جلی سەربازییان لەبەردایە و پێدەچێت پێشمەرگە بووبن؛ شۆفێری بارهەڵگرەکەش سەلامەتە و بریندار نەبووە.” 

پۆلیسی هاتووچۆ هێڵکاری بۆ رووداوەکە کردووە و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستپێکردووە. محەممەد ئەحمەد گوتی: “تاوەکو ئێستا لایەنی تۆمەتباری رووداوەکەمان دەستنیشان نەکردووە.”