بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت قەرزی بچووک دەست پێ دەکاتەوە

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا فەرمانی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک دەربچێت و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێ، ڕێکاری نوێ دەگرینە بەر و گۆڕانکاری  بەسەر مەرجی سوودمەندبووندا ھاتووە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێک ھێناوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک، لیژنەکە ھەموو کارەکانی تەواو کردووە و ئێمە چاوەڕێین لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێز سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دابەشەکردنی قەرزی بچووک دەر بکات و ئێمەیش دەست بە جێبەجێکردنی بکەین.”

لەبارەی مەرجەکانیشەوە کوێستان محەمەد ڕوونی کردەوە: “حکوومەتی ھەرێم ھەندێ ڕێکاری دیکە دەگرێتە بەر، واتە مەرجەکانی پێدانی قەرزی بچووک وەک پێشتر نابێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئێمە ھەندێ ڕێکاری نوێمان گرتووەتە بەر و بەپێی ئەو ڕێکارانە ھاووڵاتییان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی قەرزی بچووک.”

پێش ھاتنی قەیرانی دارایی لە ڕێگەی قەرزی بچووکەوە سەدان کەس لە ھەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەن کار و سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرز .