شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لاوازی عێراق وایكردووه ئێران سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان پێشێل بكات. ده‌شڵێت: هه‌رێمی كوردستان دەتوانێت داوای پاراستنی خاک و ئاسمانی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 29ـێ ئه‌یلوولی 2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سه‌باره‌ت به بۆردومانه‌كانی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ی سوپای پاشدارانی ئێران بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاند، لاوازی عێراق وایكردووه ئێران سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان پێشێل بكات.
ئاماژەی به‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق هەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت و هه‌نگاوی جیددی نه‌گرێته‌به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌و هێرشه به‌رده‌وامانه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا هەرێمی کوردستان هەموو ئەگەرەکانی لەبەردەم کراوەیە و دەتوانێت داوای پاراستنی خاک و ئاسمانی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.
سەبارەت بە به‌شداریكردنی پارتی له هاوپه‌یمانیه‌تی (به‌ڕێوه‌بردنی وڵات) كه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نی سیاسیی عێراقه‌وه پێكهێندراوه، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، فراكسیۆنی پارتی هه‌موو كاتێك جێبه‌جێكردنی ماف و داواكارییه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ته مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ دانووستاندن له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی و چوونه نێو هه‌ر هاوپه‌یمانه‌تییه‌كدا و، ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر داوا و مافە دەستوورییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، رێککەوتن ناکەین.
لەبارەی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتی: هه‌ر چه‌نده نزیکبوونەوەیه‌كی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ بابه‌تی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌بووه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌نه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق له ده‌ستی سه‌رۆك بارزانیدایه.