دوای بۆردوومانەکانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە، دەوامی سەرجەم قوتابخانەکانی کۆیە راگیران.
رۆژی چوارشەممە 28-9-2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە راگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆ لە سنووری کۆیە سەرجەم قوتابخانەکان چۆڵکراون و دەوام راگیرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەری هەولێر، دوو کەس لە تیمی رۆژنامەڤانی لە بارەگای پارتی ئازایخوازی کوردستان گیریان خواردبوو و ئێستا رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کراون، بەوەش ژمارەی برینداران بۆ 28 کەس بەرزبووەوە و چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی رەوتی رووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە.”
نزیک کاژێر 01:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، قایمقامی کۆیە گوتی: جارێکی دیکە ئێران مووشەکی ئاراستەی بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە قەزای کۆیە کرد. بە گوتەی قایمقام، چوار بۆ پێنج مووشەکی دیکەیان ئاراستە کراوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق “بە تووندی” سەرکۆنەی بۆردوومانەکانی کرد و گوتی، ئێران “20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمب هەڵگر”ی لەو هێرشانە بەکارهێناوە کە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
سوپای پاسداران ئەو تۆمەتە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەوڵیانداوە “ئاژاوەگێڕی” دروستبکەن، هەربۆیە ئەوانیش وەک سوپای پاسداران دەستیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.